رێبوار هادی: یەکەمجارە پشکی بەکارهێنانی ناوخۆی هەرێم بە 50 هەزار بەرمیل دەستنیشان بکرێت

سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەپێی رێککەوتنە سێقۆڵییەکەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و کۆمپانیا نەوتییەکان، دەبێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.

رێبوار هادی سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقی رایگەیاند، لایەنی گرنگی ئەم رێککەوتنە ئەوەیە،  حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر خۆی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوت دەکات  و جارێکی دیکە نەوتی هەرێمی کوردستان دەنێردرێتەوە بازاڕەکانی جیهان و پیشەسازی نەوت هەر لەدەست هەرێم دەمێنێت بە دانپێدانانی حکومەتی عێراق و پێشوازی نێودەوڵەتی و ئەمریکی.

وتیشی: ئەم رێککەوتنە سێقۆڵییە، مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی پاراستووە و بەربەستەکانی بەردەم ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی هەڵگرتووە.

هەروەها گوتیشی: یەکەمجارە پشکی بەکارهێنانی ناوخۆی هەرێم بە 50 هەزار بەرمیل دەستنیشان بکرێت و هەرێمی کوردستان بە شێوازێکی باش لەنێو گرێبەستی خزمەتگوزارییە نەوتییەکاندا رۆڵی دەبێت و تێچووی دەرهێنانی نەوت لە تێچووی  گرێبەستەکانی هاوبەشی کەمترە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، بەردەوامبوونی ئەم رێککەوتنە بەتەنها لە بەرژەوەندی هەرێم نییە، بەڵکو لە بەرژەوەندی عێراقیشە کە کورتهێنانی لە بودجە دا هەیە و بە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، بەشێکی کورتهێنانەکە چارەسەر دەبێت.

هەروەها گوتیشی: کردنەوەی دەرچەیەکی نوێ بۆ هەناردەکردنی نەوت جگە لە دەرچەی کەنداو، لەڕووی جیۆسیاسییەوە گرنگییەکی زۆری بۆ حکومەتی عێراق هەیە.

Back to top button