
لە كەركووك دوو كورد بە تەقەی هێزەكانی ئاسایش بریندار دەكرێن
دوو هاونیشتمانی كورد لە شاری كەركووك بە تەقەی هێزەكانی ئاسایش بریندار دەبن و برینی یەكێكیان سەختە.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 26ی ئەیلوولی 2025، لە بازگەی بانی مەقان لە كەركووك، ئۆتۆمبێلێك كە سەرنشینەكانی خانەوادەیەكی كوردن ویستوویانە بە بازگەكە تێبپەڕن، شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە داواكراو بووە بە هۆكاری هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت، دوای دروستبوونی دەمەقاڵێ، كەسی داواكراو بە خێرایی ئۆتۆمبێلەكەی لێدەخوڕێت و خاڵی پشكنین تێدەپەڕێنێت، دواتر لەلایەن كارمەندانی ئاسایشەوە تەقە لە ئۆتۆمبێلەكەی دەكرێت، بەهۆیەوە منداڵێك كە كوڕی داواكراوەكە بووە فیشەكێك بەر سەری دەكەوێت و بە سەختی بریندار دەبێت، هاوكات فیشەكێكی دیكە بە تیغی بەر ئافرەتێك دەكەوێت و ئەویش بە سووكی بریندار دەبێت.
هەژار جەبار، برای كەسی داواكراو دەڵێت: شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە ناوی دیار جەبار ـە و برای منە، بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت داواكراو بووە، بەهۆی دروستبوونی دەمەقاڵێ لە بازگەی ئەمنی بانی مەقان، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە تەقەی لێ دەكرێت و دوو كەسی خانەوادەكەمان بەهۆیەوە بریندار دەبن كە برینی یەكێكیان سەختە.
بەگوێرەی زانیارییەکان هەردوو بریندارەكە ئێستا لە “نەخۆشخانەی ئازادی”ن لە شاری كەركووك، منداڵەكە برینی سەختە و لەژێر چاودێری چڕ دانراوە و دۆخی تەندروستی جێگیر نییە، ئافرەتەكەش گولـلەیەك بە تیغی بەری كەوتووە و چارەسەریی پێویستی وەرگرتووە. پۆلیسی كەركووكیش دەستی بە لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە كردووە.