
ئێران باڵیۆزانی خۆی لە بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا بانگ كردەوە
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، باڵیۆزانی وڵاتەكەی لە بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا بۆ راوێژ بانگكردوونەتەوە بۆ تاران. چاوەڕان دەكرێت لە سبەی یەكشەممەوە سزا نێودەوڵەتییەكان بەسەر ئێراندا بسەپێندرێنەوە ئەوەش دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشنیارێكی چین و روسیای بۆ دواخستنی گەڕاندنەوەی سزاكانی سەر ئێران، رەتكردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لەدوای هەنگاوەكەی سێ وڵاتە ئەوروپییەكە بۆ كاراكردنی سناپ باك، باڵیۆزانی وڵاتەكەی لە بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا بۆ راوێژ بانگكردونەتەوە بۆ تاران.
ئەوەش لەدوای ئەوەی دێت كە دوێنێ هەینی، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، پێشنیاری بڕیارێكی چین و رووسیای بۆ دواخستنی سەپاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەكان بەسەر ئێراندا رەتكردەوە.
رەشنوسی پێشنیارەكەی چین و رووسیا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە 9 دەنگی نەخێر و 4 دەنگی بەڵێ و 2 دەنگی بێلایەن، رەتكرایەوە.
چین و رووسیا لە پێشنیارەكەدا داوایان كردبو ماوەی مۆڵەتی سەپاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەكان بەسەر ئێراندا تاوەكو بەهاری ساڵی داهاتوو درێژبكرێتەوە.
- بە رەتكردنەوەی ئەو پێشنیارە، چاوەڕوان دەكرێت سزا نێودەوڵەتییەكان لە سبەی یەكشەممەوە بەسەر ئێراندا بسەپێندرێنەوە.