مەسرور بارزانی رەزامەندیی لەسەر دروستکردنی پڕۆژەی ئاوی خەبات دا

مەسرور بارزانی، رەزامەندیی نیشاندا لەسەر خەرجکردنی گوژمەی 195 ملیار دینار بۆ دروستکردنی گەورەپڕۆژەی ئاوی خەبات.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەمەبەستی چارەسەریی ریشەیی و درێژمەودای گرفتی كەمئاوی لە سنووری قەزای خەبات، بڕیاریدا بە دروستكردنی گەورەپڕۆژەی ئاوی خەبات، ئەمڕۆ یەکشەممەش 28ی ئەیلوولی2025، رەزامەندی نیشاندا لەسەر خەرجکردنی گوژمەی 195 ملیار دینار لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.

جێگەی باسە، بەمەبەستی چارەسەركردنی بنەڕەتییانەی گرفتی كەمئاوی لە سنووری قەزای خەبات، پێشتر لە ڕۆژی 16/6/2025 وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ئەمە مەبەستە، نووسراوی بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەرز كردەوە و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە دروستكردنی پڕۆژەی ئاوی قەزای خەبات كە یەكێكە لە گەورەپڕۆژە نوێكانی ئاوی خواردنەوە لە هەولێر و بەمزووانە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوەوە.

پڕۆژەی ئاوی خەبات، پڕۆژەیەكی گەورە و ستراتیژییه‌، لە ڕۆژێكدا توانای بەرهەمهێنانی 120 هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی هەیە، زیاتر لە 400 هەزار كەس لە سنووری شارۆچكه‌ی خەبات و شاره‌دێكانی رزگاری و تۆبزاوە و كەورگۆسك و 40 گوندی سنوورەكە تا ساڵی 2050 لێی سوودمەند دەبن.

درێژی بۆرییەكانی پڕۆژه‌كه‌ نزیكەی 300 كیلۆمەتره‌ و پێنج كیلۆمەتر كارەبای لەگەڵدایە، دوای ڕەزامەندیی سه‌رۆكی حكومه‌ت، بەمزووانە ئەم گەورە پرۆژەیە لە هەولێر دەكەوێتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە.

Back to top button