ئەنجومەنی وەزیران سێ پرس تاوتوێ دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە، 01ـی ئۆکتۆبەری 2025، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و سێ بڕگە تاوتوێ دەکات.

بڕگەی یەکەم: تاوتوێکردنی بارودۆخی دارایی نوێی هەرێمی کوردستان و خەرجییەکان لە دوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی سێقۆڵیی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و بابەتی پۆلێنکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دەستنیشانکردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵی و خستنەڕووی ڕەشنووسی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەم بڕگەیە.

بڕگەی دووەم: هەڵوەشاندنەوەی کارکردن بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی ئەنجومەنەکە ژمارە (2132) لە 02-11-2020 کە بڕگەکانی ناگونجێت لەگەڵ یاسای نوێی فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک و ماڵی دەوڵەت ژمارە (1)ی ساڵی 2021 که به نووسراوی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (3382) لە 15-09-2025، ئاراستەی سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران کراوە.

بڕگەی سێیەم: پەسەندکردنی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پڕۆژەی (ڕێبەری سەلامەتی) کە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆوە ئامادەکراوە، لە پێناوی پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و پێدانی دەسەڵات بە وەزیری ناوخۆ بۆ دەرکردنی رێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی رێبەری سەلامەتی.

Back to top button