
پرۆسەی کەمکردنەوەی سەربازانی ئەمریکا لە عێراق دەستیپێکرد
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا ‘پێنتاگۆن’ رایگەیاند، دەستیان بەکەمکردنەوەی سەربازانی سوپای ئەمریکا لە عێراق کرد.
پێنتاگۆن ژمارەی ئەو سەربازانەی ئاشکرا نەکردووە کە کەمیان دەکاتەوە و ئەوانەشی لە عێراق دەمێننەوە.
شۆن بارنێل، گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند: “بەگوێرەی رێنماییەکانی سەرۆکی ئەمریکا و بەهەماهەنگی کارەکانی لیژنەی باڵای سەربازی ئەمریکا-عێراق، راگەیاندراوێکی هاوبەشیان لە 27ـی ئەیلوولی 2024 بڵاوکردەوە، کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان ئەرکی سەربازی خۆیان لە عێراق کەمدەکەنەوە.”
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم کەمکردنەوەیە رەنگدانەوەی سەرکەوتنی هاوبەشمانە لە بەرەنگاربوونەوەی دا.عش، هەروەها هەنگاوێکیشە بۆ هاوبەشییەکی ئەمنی بەردەوامی نێوان ئەمریکا و عێراق، کە گونجاو بێت لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و دەستووری عێراق و رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی ئەمریکا و عێراق.
دەشڵێت، “ئەم هاوبەشییە پاڵپشتی ئاسایشی ئەمریکا و عێراق دەکات، هەروەها توانای عێراق بۆ گەشەپێدانی ئابووری و راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و وەرگرتنی رۆڵی سەرکردایەتی ناوچەیی بەرزدەکاتەوە، حکومەتی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە هەماهەنگییەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق و هاوپەیمانان بۆ دەستەبەرکردنی گواستنەوەیەکی رێکوپێک.”