كۆمسیۆن لیستی قەدەغە و سەرپێچییەکانی بڵاوكردەوە

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، رێنوێنی بۆ حزبەكان بڵاو كردەوە كە كارە قەدەغەكان چییە و دەبێت لێی دووربن، لە هەمان كاتدا ئاگاداریان دەكاتەوە سەرپێچی بكەن سزا دەدرێن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی تشرینی یەكەمی 2025، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بڵاوی كردەوە، رێنوێنی بۆ حزبەكان و كاندیدەكان پەسند كرا و بڵاو كرایەوە، هەر لایەنێك پێشێلكاری بكات سزا دەدرێت.

گرنگترین رێنوێنی و قەدەغەكان ئەمانەن:
كاتی بانگەشە: بانگەشەی هەڵبژاردن لەو رۆژەوە دەست پێ دەكات كە كۆمسیۆن بە رەسمی رای دەگەیەنێت، 24 سەعات پێش دەستپێكردنی دەنگدانی تایبەت كۆتایی دێت.

خاڵێكی تری كۆمسیۆن بریتییە لە بەكارهێنانی سامانی گشتی: بەكارهێنانی دامەزراوە و باڵەخانەی وەزارەتەكان، ئۆتۆمبێلی دەوڵەت، دروشمی فەرمی دەوڵەت و پارەی گشتی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە.

دەسەڵاتی كارگێڕی: هیچ فەرمانبەرێكی دەوڵەت و هێزە تەناهی و سەربازییەكان، بۆیان نییە دەسەڵاتی خۆیان بۆ بانگەشەكردن بۆ خۆیان یان بۆ هیچ كاندیدێك بەكار بهێنن.

دەركردنی فەرمانی دامەزراندن، بەخشینی زەوی و دەركردنی سوپاسنامە لە كاتی بانگەشەدا بە سەرپێچی دادەنرێت.

شوێنەكان: بانگەشەكردن لەناو بنكە و وێستگەكانی دەنگدان و بە دووریی كەمتر لە 100 مەتر لێیانەوە قەدەغەیە.

هەروەها بەكارهێنانی مزگەوت و كەنیسە و پەرستگەكانی تر بۆ بانگەشە رێگە پێنەدراوە.

كۆمسیۆن دەڵێت، هەر جۆرە چالاكییەك كە ببێتە هۆی تێكەڵكردن یان بەرزراگرتنی بیری حزبی بەعس و چالاكییە رەگەزپەرستی و تیرۆریستی و تەكفیرییەكان، قەدەغەیە.

بڕیارێكی تری كۆمسیۆن، بریتییە لە دوای رۆژی هەڵبژاردن، پێویستە كاندید و لایەنەكان لە ماوەی 30 رۆژدا، هەموو پۆستەر و لافیتەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن لاببەن، بە پێچەوانەوە كۆمسیۆن لایان دەبات و تێچووەكەی لەو بارمتەیەی لای كۆمسیۆن دایناوە، وەردەگرێت.

Back to top button