میتینگەكەی ئۆردۆگان
سەروتاری رۆژنامەی هەولێر
تەجاوزی سەركۆماری توركیا لە میتینگەكەیدا بۆسەر مافی كورد و بەكەم گرتنی ئیرادەی میللەتەكەمان، بەڵگەی باش نەخوێندنەوەی وانەكانی مێژوو و دەرك نەكردنە بەو سەردەم و زەمانەی تێیدا دەژین.
زەمانی بێ ئیرادەیی كورد تێپەڕیوە و ئێستا لە رۆژگارێكداین ئیرادەی كورد كاریگەرە لە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەدا. كورد بەرلەوەی دەوڵەت بێ، توانی هەڕەشەی تیرۆر لەسەر مرۆڤایەتی پاشەكشە پێبكات و لە بری جیهان بجةنگى و ووڵاتی خۆیشى بپارێزێ. كورد ئەوكارەی كرد كە دەوڵەتانی سەد ساڵەی ناوچەكە پێیان نەكرا. بۆ هەموو دونیاشی سەلماند كە دوژمنی سەرڕاستی تیرۆر و توندرۆیی ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەییە . كورد بە پێچەوانەی ووڵاتانی دەوروبەری، نە تیرۆرو تیرۆریستانی لە ناوخۆیدا پەروەردە كرد و نە كریدۆری بۆ كردنەوە تا پەلاماری میللەتان و دەوڵەتانی دەوروبەری بدەن.
ناكرێ بەڕێز ئۆردوگان ئەو راستییە نادیدەبگرێ كە ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان مەسەلەی چارەنوسی میللەتی كوردە لە ووڵاتێكی دیكەدا و كاری كەس نییە لە دورەوە قسەی تێدا بكات.
سەبارەت بە ئاڵاش كە بەڕێز ئۆردوگانی قەڵس كردووە، ئەوە ئاڵای كوردستانە و لە كەركوكی كوردستاندا هەڵكراوە و كوردستانیش نیشتمانی هەموو پێكهاتەكانە و هەر لە ژێر ئەو ئاڵایەشدا كە ئاڵای خوێن و فرمێسكە و ئاڵای شكاندنی داعشە، كورد و عەرەب و توركمان وەك یەك سەر و ماڵیان پارێزرا و ئەو ئاشتی و سەقامگیری و ئازادیەیان بۆ رەخساوە كە بە درێژایی مێژووی دەوڵەتی عێراق بۆیان نەڕەخساوە، هەر لە سایەی ئەو ئاڵایەشدا لەو جەور و ستەمە رزگار بوون كە سەد ساڵ بوو دەرهەقیان دەكرا. خۆ ئەگەر ئەو ئاڵایە نەبوایە و كەركوكییەكان بە تەمای ئاڵای عێراق بونایە، كەركوك بە دەردی موسڵ دەچوو. ئەو ئاڵایە مرۆڤایەتی و بەهاكانی و ناوچەكەی پاراست، بۆیە دەبێ رێزی لێبگیرێ نەك داوای داگرتنی بكرێ.
ئەگەر سەرۆك ئۆردوگان بە جدیی لە خەمی ئینكاری مافی توركماندایە و مامەڵەی سیاسییان پێوەناكات، ئەوا با بێ خەم و دڵنیا بێت كە میللەتی كورد و دەوڵەتی داهاتووی كوردستان بەرپرسیاری ماف و ژیانی توركمان و تێكڕای دانیشتوانی كوردستانە و یەك بەڵگە نییە بيسةلمينى كە توركمان لە سایەی كوردستاندا غەدریان لێكرابێ. مێژوو و واقعي حالَ شاهیدە كە ئایا نەتەوەكان لە لای ئێمە مافیان خوراوە یان لە شوێنی دیكە هاولاتی پلە دوو و بێ مافن. بۆیە دەڵێین دەبێ مێژوو باشتر بخوێننەوە. میللەتی كورد لە ئیمتیحانی پێكەوەژیاندا سەركەوت و دونیا ستایشی دەكات. بۆیە پێویست ناكا هیچ كەسێك دەست وەرداتە ئەم مەسەلەیە و قسەی تێدا بكات و لە دورەوە هەڕەشە بكات.
كێشەی ئێمە لەسەر كەركوك لەگەڵ دەوڵەتی عێراقە و نەتیجەی ژێرپێنانی دەستور و مادەی سەد و چلە لە لایەن بەغداوە. كە نەك هەر ماددەكەی جێبەجێنەكرد، بەڵكو لە پاشەكشەیەكی گوماناویدا هەموو ئەو ناوچانەشی تەسلیمی داعش كرد كە دواتر پێشمەرگەی كورد بە خوێن ئازادیكردنەوە و هەر بە خوێنیش ئەو سنورەی نەخشاند كە ئێستا لێی وەستاوە و سنوری بە خوێن نەخشاویش سڕینەوەی نییە .
ئێمە كە هەمیشە ئامادەی هاوكاری و دۆستایەتی و پێشكەوتنی هاوبەشین لەگەڵ دەرو جیران و جیهان، لە هەمان كاتدا هەڕەشەمان لە هیچ لایەك قبوڵ نەكردووە و نایكەین. ئەمە لۆژیك و پەیامی میللەتی ئێمەیە و چاوەڕوانی هەڵوێستی هاوشێوەین، نەك هەڕەشە.