
دیاری حوسێن: پارتی بڕوای بە گەلی خۆی هەیە و بانگەشەیەكی ئارام بەڕێوە دەبات
لەگەڵ دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستان بە ژمارە 275 بەشداری پڕۆسەكە دەكات و بەرپرسێكی باڵای ئەو حزبە دووپاتی دەكاتەوە كە بڕوایان بە ئازادی تاك هەیە و بانگەشەیەكی ئارام و شارستانی بەڕێوەدەبەن.
دیاری حوسێن ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند، لە ساڵی 1992ـەوە كە هەڵبژاردن لە كوردستان بەڕێوەدەچێت، هاووڵاتیان متمانە بە پارتی دەبەخشن بۆ ئەوەی سیاسەتی حوكمڕانی وڵات بەڕێوەببات، ئەم متمانەیەش بەردەوام لە زیادبووندایە.
ناوبراو گوتیشی، ئێمە لەگەڵ شەرعییەتی دەنگدان و هەڵبژاردنین و بانگەشەیەكی ئازاد و هێمن بەڕێوەدەبەین. پێویستە هەموو لایەنەكان بانگەشەیەكی ئارام و سەردەمیانە بكەن، بۆ ئەوەی رووی جوانی كوردستان پیشانی جیهان بدەین.
روونیشی كردەوە، پارتی بڕوای بە نەتەوەكەی خۆی هەیە و قوربانی بۆ دەدات، بۆیە نامانەوێت خەڵكی كوردستان بڕەنجێنین و بێزاریان بكەین. ئێمە بڕوامان بە ئازادی تاك هەیە و دەمانەوێت خەڵك بە ئازادی بانگەشە بۆ لایەنی دڵخوازی خۆی بكات و دەنگ بدات.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە بۆچی هاووڵاتیان دەنگ بە لیستی 275ی پارتی بدەن، دیاری حوسێن وتی، ئەگەر پارتی بەهێز نەبووایە، نەیارانمان تەنیا لەسەر دروستكردنی كێشەی مووچە بۆمان نەدەوستان، بەڵكو ئێستا گەلی ئێمە ئاوارەی وڵاتان ببوو. نەیارەكانمان نایانەوێت حكومەتی هەرێم بوونی هەبێت و دەستوور جێبەجێ ناكەن، بەڵام پارتی بووەتە بەربەست لە بەردەم پلانەكانیان.
گوتیشی، پارتی بارودۆخی دارایی وڵاتی بەرەو باشی بردووە و بەرەو بەهێزبوونی زیاتریشی دەبات، ژیانی خەڵكی ئێمەش لە عێراق و وڵاتانی دراوسێ باشترە.