خانەنشینبوونی پێشمەرگە شێوازەکەی یەکلایی کرایەوە

هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر شیوازی خانەنشین بوونی پێشمەرگە گەیشتنە لێکتێگەیشتنی هاوبەش و لە 2025-01-01 بەدواوە ئیمتیازی خانەنشینی پێشمەرگە بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق هەژمار دەکرێت.

حاجی مەلا ئەمین، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی پێشمەرگە و کەمئەندامان لە وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: لە 2025-01-01ـەوە هەر پێشمەرگەیەک خانەنشین بووبێت و ئەوانەشی لە داهاتوو خانەنشین دەبن، دۆسیەکانیان بەپێی یاسای خانەنشینی پێشمەرگە ژمارە 38ـی ساڵی 2007 رەوانە دەکرێن، بەڵام ئیمتیازەکانی بەپێی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق ژمارە 9ـی ساڵی 2014 هەژمار دەکرێت.

گوتیشی، تاوەکو 2024-12-31 دەستکاری هیچ خانەنشینێک و کەمئەندام و شەهیدێک ناکرێت و لەسەر یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان دەبن.

سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، پێشمەرگە دەیویست یاسای 38 جێبەجێ بكرێت، بەغداش رازی نەبوو بۆیە ئێستا یاسای ژمارە 9 جێبەجێ دەكرێت و لە بەرژەوەندیی هێزەكانی پێشمەرگەیە.

Back to top button