پەكەكە تاكتیكێكی داعش لە دژی كوردستان بەكار دەهێنێت تونێلی لە سنووری زاخۆو ئامێدی هەڵكەندوون
خواكوڕك
پەكەكەو حەشدی شەعبی یەك ئامانجی هاوبەشیان هەیە لە هەرێمی كوردستان، ئەویش دروستكردنی كەوانەی شیعی یەو لە ژێر چاودێری ئێران ئەسپی خۆیان تاو بدەن دژ بە دەوڵەتی كوردستان.
“نازم هەركی ” ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان و سەرۆكی لیژنەی ناوخۆو ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەكان ڕایگەیاند ” لەهەرێمی كوردستان جێگەی قبوڵ نییە پەكەكە گوندەكانی هەرێمی كوردستان داگیر بكات و تونێل لە نێوان شارو شارۆچكەكاندا هەڵبكەنێت و خەڵك بڕفێنێت، پەكەكە لە هەرێمی كوردستان ئەجێندای وڵاتانی شیعی جێبەجێ دەكات, یەكێك لەو ئەجێندایەش دژایەتێكردنی سەربەخۆی و دەوڵەتی كوردییە ، دەیانەوێت هیلالی شیعی دروست بكەن و ڕێرەوی ئەم هیلالە لە هەرێمی كوردستان و ناوچەی خانەقین و مەخمور تادەگاتە شنگال و لەوێشەوە دەگوازرێتەوە بۆ سوریا ،لە سوریاشەوە بۆ چەند وڵاتێكی دیكە “.
“نازم هەركی ” پەڕلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان باس لەو گوندانە دەكات كەبە هۆی پەكەكەوە چۆڵ كراون و دەڵێت ” لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان بەفەرمی ناوی (515) گوند تۆمار كراون كە بە هۆی پەكەكەوە چۆڵكراوە و تەواوی ئەو گوندانەیش وەك ناوچەیەكی سەربازی لێهاتووە بە دەست پەكەكەوە ،جگە لەو (515) گوندەیش چەندین گوندی تر لەلایەن پەكەكەوە دەستی بەسەرداگیراوە, ئەو گوندانەیشی پەكەكە دەستی بەسەردا گرتوون ،قەدەغەی هاتووچۆی بەسەرهاوڵاتیانی ناوچەكەدا سەپانووەو هەرهاوڵاتییەك بۆ سەردانی زێدی خۆی تەنانەت بۆ ماوەیەكی كاتیش بێت ،باج و سەرانەی لێوەردەگیرێت و مامەڵەی نەشیاوی لەگەڵ دەكەن “.
جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆو ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەكان لە پەرلەمانی كوردستان ،سەبارەت بە هەڵكردنی تونێل لەلایەن پەكەكەوە ئاشكرای كردو گوتی ” پێویستە دەریبخەین كە كێ تونێلی هەڵكەندووە ، تونێل هەڵكەندن لە شارۆچكەی ئامێدی و شارۆچكەی زاخۆ، ئاماژەكان دەریدەخەن كە پەكەكە ئەم كارەی كردووە، چونكە جگە لە پەكەكە هیچ گروپێكی تر لە سنورەدا نین، دروستكردنی تونێل لە ژێر شەقامەكانی نێوان گوندو شارۆچكەكانی سنوری پارێزگای دهۆك، تەنها بۆ كردەوەی تیرۆریستییە، جاكاتی كردەوەی تیرۆریستییەكە كەی چۆن پەكەكە خۆی دەیزانێت “.