شاخەوان عەبدوڵڵا: دەبێت کورد مەترسییەکانی سەر کەرکووک لە رۆژی دەنگدان ببینێت

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دەبێت کورد مەترسییەکانی رۆژی دەنگدان لەبیر نەکات و پارێزگاری لە نیوەی کورسییەکانی شارەکە بکات.

د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، گوتی :” وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان دەستمان کردووە بە بانگەشە و ئومێدی زۆرمان بە خەڵکی ئەم شارە هەیە، بە کورد و پێکهاتەکانی ئەم شارە بەگشتی.

گوتیشی:” بە سێ ساڵ کارکردنی ئێمە پارێزگارمان لابرد، زەوی و ئاڵامان گەڕاندەوە، خەڵک بەمە دەزانێت، دەچیتە هەر ماڵێک ئەوەندە بە فراوانی پێشوازیت لێدەکات هەست دەکەیت ئەوەی لەبەرچاوە، کە دوێنێ کەرکووک هیچی بۆ نەدەکرا و خزمەتگوزاری ئێمەشی لەبەرچاوە. ئەم شارە مەترێک کۆنکرێتی بۆ نەدەکرا تاوەکو ئێمە چووینە بەغدا رەزامەندی سەرۆکوەزیرانمان هێنا کە ئەمانە زێدەڕۆ نین؛ دەستمان بە پڕۆژە کرد و سەتان مەتر کۆنکرێتمان بۆ گەڕەکەکانی پەنجە عەلی، بارووتخاتە و گەڕەکەکانی دیکە جێبەجێ کرد، لەکاتێکدا راکان جبووری پارێزگاری لەکارلادراوی کەرکووک هەوڵی دەدا نەکرێن، بەڵام راکانیشمان لادا.

دەشڵێت:” خەڵک ئەمانەی لەبەرچاوە و لە دەرەوەی بازنەی تەسکی حیزبایەتی هەمیشە چاوی لە پارتییە، پارتی لە هەرکوێ بێت ئەوان زیاتر هەست بە ئارامی و ئاسوودەیی دەکەن. پێشوازی خەڵک زۆر گەرەیە لە پارتی.

زیاتر گوتی:” ئومێدی تەواومان بە دڵسۆز، کادر و لایەنگران و ئەو پاشخانە گەورە نەتەوەییە هەیە کە رابەری رۆحیمان بارزانی نەمر و هەروەها جەنابی سەرۆک بارزانی و خۆشەویستی جەنابیان بۆ خەڵک و خاکی کەرکووک دروستیان کردووە، زۆر بە گەورەیی لەلایەن کەرکووکییەکانەوە تەماشا دەکرێت بۆیە ئومێدمان ئەوەیە دەنگەکانمان زیاد بکات.

باسی لەوەشکرد :” بە دڵنیاییەوە گلەیی هەیە، بەڵام ناگات بەوەی مەترسییەکانی رۆژی 11-11 کە رۆژی دەنگدانە لە بەرچاو نەبێت، لەو رۆژەدا وەکو کورد دەبێت ئاگاداری دوو خاڵ بین، یەک دەبێت نیوەی کورسییەکان بپارێزرێت کە شەش کورسییە، بەداخەوە لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کورد نەیتوانی بگاتە نیوەی کورسییەکان، کە لە 16 کورسی حەوتی بەدەستهێنا. ئامانجمان ئەوەبێت بە هەمان شێوازی کەرنەڤاڵی سەرژمێریی کورد بەشداری بکات و لە هەر شوێنێکە رۆژی دەنگدان بگەڕێتەوە و هەوڵی سەرخستنی بەربژێرانی کورد بدات، چونکە عەرەبی سوننە بە رێژەیەکی یەکجار زۆر بەشداری دەنگدان دەکەن، بۆیە رێژەی شەش پەرلەمانتارەکە بپارێزین و ئەگەریش کرا بۆ حەوت کار بکەین.

لە کۆتایشدا گوتی :” هەموو جارێک کە لە بەغدابووین واژۆم بۆهاتووە 50 بۆ 60 پەرلەمانتار، کە خوێندوومەتەوە بینومە نێوەڕۆکێکی شۆڤێنی هەیە و رێگەمان نەداوە تێپەڕێت، لەم خولەی پەرلەماندا توانیمان جگە لە تێپەڕاندنی کۆمەڵێک پڕۆژەیاسای زۆر گرنگ بۆ کەرکووک و هەرێمی کوردستان، لەبابەتی هەموارکردنی یاسای شەهیدان، یاسای زیندانیانی سیاسی؛ بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی باڵای سەردەمی دەسەڵاتی بە.عس ئەمانە هەمووی دەستکەوتی ئێمە بوو لەم خولە، بۆیە لە خولی داهاتووش چۆن بووەتە یاسا، دەبێت چاودێری حکومەت بکەین کە چۆن جێبەجێ دەکرێت. هەروەها لە پەرلەمانیش دژی هەر یاسایەک بین دژی کەرکووک و گەلەکەمان دەردەچێت.

Back to top button