هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق مەترسیدارترین هەڵبژاردن دەبێت
خواكوڕك
لەگەڵ نزیك بوونەوەی كۆتایی جەنگی داعش كە لەلایەن هێزەكانی عێراق و بە هاوكاری هێزە ئاسمانی و هەواڵگرییەكانی هاوپەیمان، گەمارۆی مۆڵگەكانی داعش لە موسڵ دراوە، گروپە شیعەكان لە ژێر سیبەری حەشدی شەعبی و سەركردایەتی ئێراندا خۆیان حەشار داوەو تاوتوێی ئایندە دەكەن و لەوانەیە ئەمجارە رۆڵیان لە سیاسەتیشدا هەبێت، هێزەكانی حەشدی شەعبی چ بە ئاشتی بیت یان شەڕ بگەنە هەر ناوچەیەكی دەرەوەی شیعەنشین خاپوری دەكەن و هەژموونی خۆیان بەسەر ناوچەكەدا و جوگرافیایەكی فراوان دەستی بەسەردا دەگرن، سەركردەكانی حەشدی شەعبی چاویان لەوەیە توڕەی میللەت بقۆزنەوەو لە پێناو بەدەستهێنانی پۆستی سیاسی، بەڵام تەكتیكی سیاسەت زۆر لە تەكتیكی جەنگ جیاوازترە.
هەفتەی ڕابردوو “قەیس خەزعەلی ” سەركردەی “عەسائیبی ئەهلی حەق ” ووتی ” حەشدی شەعبی وەك چۆن لە بەرەكانی شەڕدا ئامادەبووە، لە سیاسەتیشدا ئامادەیی دەبێت حەشد هەرماوەو دەشمێنێت، چونكە حەشدی خودایە “.
هێزەكانی “سەرایا ئەلسلام ” كەسەربە موقتەدا سەدرن ئەوەیان ڕەتكردەوە كە بە لیستێكی تایبەت خۆیان هەڵبژێرن لە چوارچێوەی پرۆژەی سیاسی نوێ دا، چەند مانگێكە ڕێبەرایەتی خۆپیشاندانەكان لە دژی حكومەتی عێراق دەكەن و یارمەتیدەر بوون بۆ زیادكردنی گوشاری سەر حكومەت و خۆپیشاندەران لە هەركاتێك زیاتر بەهێزتر دەبن.
مالیكی چەند مانگێكە لەهەوڵدایە بارودۆخی هەڵبژاردن ڕێكبخاتەوەو بۆ ئەوەش بنكەی جەماوەری و هەژموونی سیاسی و ئەمنی خۆی قۆستووەتەوە تا بگەڕێتەوە بۆ سەرۆكایەتی وەزیران، لەهەنگاوی یەكەمدا مالیكی گروپە شیعەكانی راكێشایە نێو هەژموونی خۆیەوەو پشتیوانی ئێرانیەكانیش یەكێكە لە دیارترین فاكتەرەكانی خۆرێكخستن و ئامادە كردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو .
بەڵام “عەلی سیستانی ” مەرجەعی باڵای شیعە و خاوەنی فەتوای جیهاد دژی داعش, ڕایەكی تری هەیە و بەشداریكردنی گروپە شیعەكانی لە سیاسەتدا ڕەتكردووەتەوەو دەرگای بە ڕووی وەفدی ئەو گروپانەدا داخستووە كە هەوڵی بە دەستهێنانی ڕەزامەندییان داوە، هێزە شیعیەكەی سیتانی كە ناوی “فیرقەی جەنگی عەباس “ە بەشداری كاری سیاسی ناكات .
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێ:ی فەرمی دا ڕایگەیاند ” دەستەی حەشدی شەعبی دامەزراوەیەكی سەربازییە و پەیوەندی ئەمنی هەیە بە دەزگا ئەمنییەكانەوە و یاسای ژمارە (36) ی ساڵی (2015) ی حزبە سیاسییەكان كە پەرلەمانی عێراق دەریكردووەو سەرۆكایەتی كۆمار پەسەندی كردووە ، ڕێگەنادات هیچ قەوارەیەكی سیاسی پێكهاتەی سەربازی هەبێت, بەشداری هەڵبژاردنەكان بكات.
بەڵام سەركردەكانی حەشدی شەعبی رای جیاوازیان هەیە ،وەك “محەمەد ناجی ” پەڕلەمانتاری ” هاوپەیمانی نیشتیمانی ” كە یەكێكە لە سەركردەكانی حەشدی شەعبی دەلێت ” حەشد بە درێژای چەند مانگی رابردوو لەدژی داعش جەنگاوە و شەڕیان كردووە، مافی ئەوەیان هەیە بەشداری پرۆسەی سیاسی بكەن و ئەو جەماوەرەی هەیانە مافی ئەوەیان پێ دەبەخشێت بەشداربن “. مەترسییەكی تری بەشداری حەشدی شەعبی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق دا ئەوەیە، ڕەنگە كێبڕكێی بە دەستهێنانی دەنگی دەنگدەران ببێتەهۆی دروستبوونی پێكدادانی چەكداری لە نێوانیاندا بە تایبەتی ئەو گروپانەی كەهەژمونیان لە ناو گەڕەك و شارەكاندا هەیە ، ئەوەی گومانی تێدا نییە ئەوەیە هەڵبژاردنی داهاتوو لە عێراق قورسترین و مەترسیدارترین هەڵبژاردن دەبێت ، چونكە رەنگە ململانێی ئەمجارە لە ڕێگەی چەكەوە بێت ،نەك سندوقی دەنگدان .