
مەسرور بارزانی: پارتی هەرگیز پاشکۆیەتی قبوڵ نەبووە و قبوڵیشی ناکات
ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی ئۆكتۆبەری 2025، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە شاری هەولێر، لەگەڵ بەربژێرانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجومەنی نوێبەرانی عێراق کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکی پارتی، داوای لە بەربژێرانی پارتی کرد کە لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەکان و بە شێوەیەکی شارستانی، بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن و نموونەیەکی باش و ڕەوشت بەرزی کادیرانی پارتی بن.
جێگری سەرۆکی پارتی دووپاتی کردەوە کە پارتی بەهێز بێت، کوردستان بەهێز دەبێت و مافەکانی خەڵکی کوردستان پارێزراو دەبن. گوتیشی پارتی نەک تەنیا داکۆکی لە مافەکانی خەڵکی کوردستان، بەڵکوو پشتیوانی لە مافەکانی گشت پێکهاتەکانی عێراق دەکات.
جێگری سەرۆکی پارتی، جەختی کردەوە کە ئەگـەر پـارتـی نـەبـووایـە ئێسـتا شـتێک نـەمـابـوو بـە نـاوی هـەرێـمی کوردستان، چونکە زۆر لایەن داوایان دەکرد کە سازش لە سەر مافەکانی خەڵکی کوردستان بکرێت، بەڵام پارتی بە رێبەرایەتی سەرۆک بارزانی، بە هەموو هێزێکەوە، بەرگری لە مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان کرد و لە ژێر هیچ فشارێک، ئامادە نەبوو سازش لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان بکات، چونکە پارتی هەرگیز پاشکۆیەتی قبوڵ نەبووە و قبووڵیش ناکات.
جێگری سەرۆکی پارتی ئاماژەی بەوەش دا کە عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە نەک مەرکەزی و هەرێمی کوردستانیش، هەرێمێکی فیدراڵی و دەستوورییە و دەبێت لەو چوارچێوەیەدا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەڵام ”بە داخەوە لە عێراق دەستوور پێشێل کراوە و بە شێوەیەکی سیستەماتیکی ڕۆڵی کورد کەم كراوەتەوە، بەڵام ئێمە هەرگیز ڕازی نابین مافەکانمان پێشێل بکرێن و دەبێت لە چوارچێوەی سیاسەتی (هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان) رەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت.
جێگری سەرۆکی پارتی، دووپاتی کردەوە کە ئەندامان و بەربژێرانی پارتی بە سەربەرزییەوە دەتوانن بە خەڵک بڵێن کە ئێمە خاوەنی بەڵێنەکانی خۆمانین و خاوەنی دەستکەوت و پڕۆژە گەورەکانی کوردستانین، خاوەنی پێشکەوتنی هەمەلایەنە و ئاوەدانیی کوردستانین.
ئامادەییشی دەربڕی کە ئەزموونی سەرکەوتووی هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی ئاوەدانکردنەوە و بنتاتنانی ژێرخانی ئابووری و ڕێگەوبان و دابینکردنی ئاوو کارەبای بەردەوام و کاراترکردنی سیستەمی بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ هاوبەش بکەین و لەم ڕووەوە هاوکار بین لە باشکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق.