
گۆڤارێکی ئەمریکی: هێزەکانی ئەمریکا لە دوای ساڵی 2026 ئیتر لە هەولێر جێگیر بن
گۆڤاری (فۆربێس)ی ئەمریکی لە راپۆرتێکیدا تیشکی خستووەتە سەر هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و ڕۆڵی گرنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆر. هەروەها رایگەیاندووە: “چاوەڕوان دەکرێت هێزەکانی ئەمریکا لە دوای ساڵی 2026 بەیەكجاری لە هەولێر جێگیر بن.”
لەو راپۆرتەدا گۆڤارە ئەمریکییەکە، جێگیربوونی هێزەکانی ئەمریکا لە هەولێر بە وتەیەکی سەرسوڕهێنەر وەسف دەکات و شارەکە بە “ماڵی هاوپەیمانە دێرینەکانی ئەمریکا” ناودەبات.
ئاماژەی بەوەش کردووە: “ئەم جموجۆڵانەی ئەمریکا لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی ئەو هێزانەدان کە لەنێوان واشنتۆن و بەغدا رێککەوتنی لەسەر کراوە.. هەروەها لە مانگی ئابدا هێزەکانی ئەمریکا دەستیان بە چۆڵکردنی بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد کردووە، ئەمەش پێش ئەو وادەیەیە کە رێكکەوتنی لەسەر کراوە.”
بەپێی راپۆرتەکە؛ هەر کاتێک هێزەکانی ئەمریکا بە تەواوی لە هەولێر جێگر بوون، تەنیا دوو هەزار سەربازی ئەمریکی لە عێراق دەمێننەوە کە زۆرینەی رەهایان لە هەرێمی کوردستان جێگیر دەبن.
ئەوەش هاتووە: “لە بنکەی ئاسمانی هەولێرەوە، واشنتۆن بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش لە سووریا، بەمەش هەولێر دەبێتە پێگەیەکی گرنگ بۆ بەردەوامی پشتیوانی و بەشداریکردنی ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی تیرۆر.”
“گۆڤاری فۆربێس”ی ئەمریکی، بە سەرنجدان بە پلانی فراوانکردنی بنکەی ئاسمانی هەولێر کە دەکەوێتە ناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شارەکە، ئاماژەی بەوە کردووە: “رەنگە هێزەکانی ئەمریکا لە دوای ساڵی 2026 لەوێ بمێننەوە، بەتایبەتی ئەگەر دۆخی سووریا ناسەقامگیری بمێنێتەوە.”
گۆڤارە ئەمریکییەکە، باسی لەوەش کردووە: “هەولێر بە لەبەرچاوگرتنی نزیکی جوگرافی و ئاسانی گەیشتن و ئاسایش و سەقامگیرییەکەی، شوێنێکی گرنگە بۆ مانەوەی ئەمریکا و ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش. “سەیر نییە کە هەندێک لەو هەلیکۆپتەرانەی هەڵگری هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا بوون لە ئۆکتۆبەری 2019دا (ئەبوبەکر بەغداد)ی سەرکردەی داعشیان لە پارێزگای ئیدلیبی سووریا کوشت، لە هەولێرەوە هەڵفڕین.”
گۆڤاری فۆربێس، باسی لەوەش کردووە: “داعش لە لوتکەی دەسەڵاتی خۆیدا بوو لە مانگی حوزەیرانی 2014، کاتێک بەغدادی دامەزراندنی خەلافەتێکی لە سەرانسەری وڵاتەکە ڕاگەیاند. ئەوکات ناوچەیەکی بەرفراوانی لە عێراق و سووریا داگیر کردبوو، دوای دوو مانگ بڕیاری هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستانی دا.“
گۆڤارەکە ئەمریکیەکە روونیشی کردووەتەوە: “ئیدارەی ئۆباما تەنیا کاتێک رێگەی بە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر داعش داوە، کە چەکدارانی داعش لە هەولێر نزیک بوونەتەوە، ئەمەش سەرەتای جەنگی ئەمریکا بوو کە دواجار خەلافەتی داعشی لەناو برد.”
لە بەشێکی دیکەی ئەو راپۆرتەدا، گۆڤارە ئەمریکیەکە بە ئاماژەدان بە قارەمانێتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان نووسیویەتی: “هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ساڵانێک لە بەرامبەر داعش قارەمانانە خۆیان ڕاگرت و ڕێگرییان کرد لە فراوانبوونی ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستییە. هاوکات هەوڵەکانیان ڕێگەی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی عێراق خۆش کرد کە دواتر موسڵی کۆنترۆڵ کردەوە. هاوکات هێزەکانی سووریای دیموکرات بە سەرکردایەتیی کوردەکان، ڕەقەیان کۆنترۆڵ کردەوە.”
لەو ڕاپۆرتەدا، ئاماژە بەوەش کراوە: “داعش هێشتا شانە خەوتووەکانی لە هەردوو وڵاتی عێراق و سووریا چالاکە، ئەمە پێویستی بە پشتیوانی بەردەوامی ئەمریکا هەیە بۆ هەوڵەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.”
گۆڤارە ئەمریکیەکە، هەروەها دووپاتی کردووەتەوە: “سوپای ئەمریکا لەساڵی 1991وە لەدوای جەنگی کەنداو بە بەردەوامی ڕۆڵی سەرەکی لە پاراستنی هەولێر و ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی کورد بینیوە، لەڕێگەی ناوچەی دژەفڕین بە سەرکردایەتیی ئەمریکا بەسەر بەشێکی زۆری ناوچەکەدا بۆ پاراستنی کورد لە هێزەکانی سەدام حوسێن.”
هەروەها گۆڤارەکە، لێدوانێکی ساڵی 1993ی، سەرۆک مەسعوود بارزانیی لەگەڵ ڕۆژنامەنووس (دەیڤید هێرس)ی بەبیر هێناوەتەوە، کە ڕایگەیاندبوو: “دڵنیایی لە ئەمریکا وەرگرتووە، ئەگەر هێزەکانی سەدام بە تۆپ یان مووشەک هێرش بکەنە سەر ناوەندەکانی دانیشتوانی کوردستان، دەستوەردان دەکەن.”
بێجگە لەوەش، ڕاپۆرتەکە پێیوایە؛ هەرێمی کوردستان لە سەرەتای شەڕی ڕووخانی سەدام حوسێن ڕۆڵێکی بەرچاوی لە ناوچەکەدا هەبووە، بەو پێیەی هێزەکانی ئەمریکا بنکەی ئاسمانیی هەریر لە پارێزگای هەولێر بەکار هێنا. ئاماژە بەوەش دەکات کە لە کاتی شەڕی عێراقی دواتردا، “یەک سەربازی ئەمریکی یان هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان نەکوژراوە.“
هەروەها لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا، گۆڤارە ئەمریکییەکە باس لە بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی ئێران دەکات بۆ سەر هەرێمی کوردستان، دوو جار بە مووشەکی بالیستیک، لە مانگی ئاداری 2022 و 1ی 2024، هەردوو هێرشەکە شوێنی نیشتەجێبوونی تایبەتی بازرگانانی ناوچەکەیان کردە ئامانج. هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات لە مانگی نیسانی 2024، ئەمریکا سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی MIM-104 پاتریۆتی لە هەولێر جێگیر کردووە، بە مەستی پاراستنی ئاسمانی ناوچەکە.