مەریوان قەرەنی: دەنگدەرانی عێراق خۆزگە دەخوازن حزبێكیان هەبێت وەك پارتی خزمەتیان بكات

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەراوردی نێوان خزمەتگوزارییەكانی هەرێمی كوردستان و خزمەتگوزارییەكانی عێراق دەكات و دەڵێت: “دەنگدەرانی عێراقیش خۆزگە دەخوازن حزبێكیان هەبێت وەك پارتی خزمەتیان بكات.”

مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، رایدەگەیەنێت، “دەنگدەرانی عێراق خۆزگە دەخوازن حزبێكیان هەبێت وەك پارتی خزمەتیان بكات، دەشڵێت، ”چەند هەفتەیەكی دیكە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە دەچێت كە بۆ هەموو خەڵكی عێراق هەڵبژاردنێكی گرنگ و چارەنووسسازە. پرسیار ئەوەیە ئاخۆ كێ شایانی ئەوەیە دەنگی پێ بدرێت؟ ئەم پرسیارەش بە تایبەتی لە لایەن ئەو دەنگدەرانەوە دەكرێت كە هۆشیارانە و لەسەر بنەمای ئەوەی (كێ خزمەتم دەكات) دەنگ دەدات.“

روونیشی كردووەتەوە، ئەگەر بەراوردی ئەو خزمەتانە بكەین كە لە ئاستی عێراقدا بە خەڵكی كراوە، دەبینین جگە لەوەی داهاتێكی زۆر و زەوەندی نەوتی عێراق تەخشان و پەخشان كراوە، هیچی دیكە نەكراوە و هیچ پرۆژە و كارێكی ئەوتۆ لە عێراق نییە كە مرۆڤ دڵی پێی خۆش بێت، تەنانەت حكومەتی فیدرالیش خۆی بە چەند پردێكەوە هەڵدەكێشێت كە هەموومان بینیمان كوالێتییان چۆنە و چۆن پردەكان بەسەر خەڵكدا دەڕووخێن! لە بەرامبەردا، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی رێزدار مەسرور بارزانی، هەروەها لە چوارچێوەی هەوڵەكانی تیمی پارتی لە حكومەت، تەنیا لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا، وێڕای ئەو هەموو فشار و ئاستەنگ و رێگرییانەی كە لە بەغداوە خراوەتە سەری، بەڵام ئەم خزمەتانەی كردووە:

• ⁠ ⁠نۆ بەنداوی دروست كردووە لەگەڵ ٨١ پۆند كە (٢٣ لەو پۆندانە تەواو كراون).
• ⁠چەندان پرۆژەی ئاوی كردووە كە بە سەرجەمیان رۆژانە ٨٥٢ هەزار مەتر سێجا ئاو دابین دەكەن، ئەوانیش (هەولێر، قوشتەپە، چەمچەماڵ، فایدەی دهۆك، ئاكرێ، چوارقوڕنە و دەربەندیخان)ن.
• ⁠ چوار سایلۆ كە توانای هەڵگرتنی ١٦٠ هەزار تۆن بەرهەمی خۆماڵییان هەیە، دروست كراون.
• ⁠ هەزار و ١١٩ پرۆژەی رێگەوبان كراون كە (٧١٨) پرۆژەیان تەواوكراون و ٤٠١ پرۆژەش لەژێر جێبەجێكردندان، بە تەواوبوونی هەمویان، سەرجەمی ئەو ڕێگایانەی دروست دەكرێن پێنج هەزار ١٢٦ كیلۆمەتر دەبن.
• ⁠ لە ڕێگەی (هەژماری من)ەوە مووچەی زیاتر لە ٩٠٠ هەزار مووچەخۆر بە بانكی كراوە.
• ⁠ ⁠لە ڕێی (پرۆژەی رووناكی)یەوە تا ئێستا زیاتر لە چوار ملیۆن كەس كارەبای ٢٤ كاتژمێرییان هەیە.
• ⁠ ⁠لە بواری وەبەرهێناندا ٥٩٦ پرۆژە بە گوژمەی ٢٤ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار دروست كراون.
• ⁠ ⁠ژێرخانی دیجیتاڵی بۆ هەرێمی كوردستان كراوە لە ڕێگەی (ئەپلیكەیشنی KRDPass).

لە كۆتاییشدا دووپاتی كردووەتەوە: ”هەر كەسێك بە چاوی واقیع سەیری خزمەتەكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدرال بكات، زۆر بە ڕوونی دەبینێت دەستكەوتەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بریتین لە كۆمەڵێك پرۆژەی زۆر گەورەی ژێرخانی ئابووری و كشتوكاڵی و پیشەسازی، كەچی دەستكەوتەكانی حكومەتی فیدرالی بریتین لە زیادبوونی میلیشیاكان و فراوانبوونی بازرگانی ماددەی هۆشبەر و شەڕی بە وەكالەت بۆ ئەم و ئەو و ..هتد. كەواتە تۆی دەنگدەر، ئەگەر نەك دەنگدەری كوردستان بیت، بەڵكو دەنگدەری عێراقیش بیت، خۆزگە دەخوازیت حزبێك هەبێت وەك پارتی خزمەتت بكات. بۆیە پارتی و لیستی ٢٧٥ی پارتی شایانی ئەوەیە هەموومان دەنگ و متمانەی خۆمانی پێ بدەین.“

Back to top button