سیپان شێروانی : ئەوەی عێراق بەرامبەر کوردستان دەیکات یارییەکی سیاسییە 

سیپان شێروانی کاندیدی ژمارە ١٨ی لیستی ٢٧٥ ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند ،” بە دوور لەو یارییە سیاسییەى کە هەندێک کەس بۆ بازاڕگەرمیی سیاسى دەیکەین، ئەگەر کەمێک راستگۆ بین لەگەڵ خۆمان، دەزانین لە ساڵى 2014 ەوە ئەوەى حکومەتى عیراق بەرامبەر بە هەرێمى کوردستان دەیکات، سیاسییە.

دەشڵێت، یەکەمین هەنگاوى ئێمە دواى ئەو هەموو ساڵە ئەوەیە، کە دەبێ لە رووى سیاسییەوە ئەوە یەکلا بکەینەوە، دروشمى پارتیمان بۆ ئەم هەڵبژاردنە (هاوبەشی، هاوسەنگى، سازان) نەخشەڕێگایەکى زۆر کاریگەر و بەرچاوڕوونییەکى زۆر باشە بۆ ئەوەى، کە ئێمە چۆن بیر لە پەوەندییەکانمان دەکەینەوە و دواجار چۆن کار دەکەین بۆ دانانى خاڵى کۆتایى بۆ هەموو ئەو کێشانەى کە هەن و سەرچاوەکەیان بیرى شۆڤێنى ئەو کەس و لایەنانەیە، کە لە بنەڕەتەوە دژ بە کورد و کوردستانن.

کاندیدەکەی پارتی دەشڵێت، هەنگاوى دووەمیش، پەیوەستە بە یاساوە و دەتوانرێ بە یاسای بودجە و بە شارەزایى و پسپۆڕیی بکرێت؛ بەڵام لێرەشدا پێویستە بە هەمان گیانى خۆ بەدەستەوەنەدان دەستپێبکرێ؛ بەو ئەزموونەى کە لە چوارساڵى رابردوودا لە پەڕلەمانى عێراق، وەکو پسپۆڕێکى دارایى و ئابوورى هەمە و ئاگادارى ورد و درشتى کێشەکانم، دەتوانم بڵێم ئێمە بەو ئیرادە سیاسییە بەهێزە و بە شارەزایی پەیوەست بە کارووبارى دارایى و ئابوورى، دەتوانین بۆ هەمیشە ئەو قۆناغە کۆتایى پێبێنین و ئەزموونى حکومڕانى بخەینە سەر راستەڕێى خۆى و چیدیکە زوڵم بەرامبەر بە گەلەکەمان نەکرێ.

لە کۆتایی قسەکانی گوتی، ئەمە ئەو ئامانجەیە، کە من خۆمم بۆ ئامادەکردووە و خودا یاربێ بە پشتیوانى ئێوە، لە سایەى نەخشەڕێگاى پارتیمان، بە ئیرادەیەکى خۆنەچەمێنانەوە کارى بۆ دەکەم.

Back to top button