زیاد کردنی توانای بەرهەمهێنان لەکێڵگەی کۆرمۆر راگەیاندرا 

کۆمپانیای دانە گاز لەراگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد،” پڕۆژەی کۆرمۆر 250ـ یان بەر لەوادەی خۆی ​​تەواو کردووە، کۆمپانیای کۆرمۆر 250، گەورەترین کۆمپانیای تایبەتی گازی سروشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی هیلال، کە یەکەم کۆمپانیای تایبەت بە گەڕان و بەرهەمهێنانی نەوت و گازە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەستپێکردنی فرۆشتنی بازرگانی گازی لە پڕۆژەی کۆرمۆر 250 لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.

پڕۆژەی کۆرمۆر 250 هەشت مانگ پێش وادەی دیاریکراو تەواو بووە و نزیکەی 250 ملیۆن پێ سێجا ستاندارد لە رۆژێکدا توانای پرۆسێسکردن زیاد دەکات، کە 50% زیادبوونی توانای ئێستایە، بەمەش کۆی توانای کێڵگەی کۆرمۆر دەگاتە 750 ملیۆن پی سێجا، ئەم توانا زیادەیە یارمەتیدەر دەبێت بۆ دابینکردنی خواستی کارەبای عێراق لە رێگەی دابینکردنی بڕێکی زۆر گازی سروشتی پاک.

دانە گاز ئاماژەی بەوەشدا، ئەم فراوانکردنە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی کارەبا و پاڵپشتی گەشەی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان و هەروەها دەبێتە بەهێزکردنی پرۆژەی “رووناکی”ـی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێریی و دابینکردنی کارەبا بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق.

مەجید جەعفەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی هیلال و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دانە گاز گوتی: “تەواوکردنی پڕۆژەی کۆرمور 250 پێش کاتی دیاریکراو دەستکەوتێکی گرنگە بۆ هەردوو کۆمپانیا، ئەمەش بەڵگەیەکی بەهێزە لەسەر پابەندبوونمان بە هەرێمی کوردستان و توانامان بۆ سوودوەرگرتن لە سەرچاوەکانی وزەی هەرێم. هەورەها بەردەوام دەبین بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان و دابینکردنی وزەی پاک و بەردەوام بۆ ناوچەکە و عێراق.”

ئاماژەی بەوەشکرد، “سوپاس و پێزانینی خۆمان بۆ پاڵپشتییە گەورەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەردەبڕین، کە توانیمان بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵ بین و کارکردنمان بەدرێژایی قۆناغەکانی پڕۆژەکە بپارێزین.”

Back to top button