فەڕەنسا رێز لە بڕیاری میللەتی كورد دەگرێت
خواكوڕك
لە ماوەی رابردوو پەیوەندیەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و وڵاتی فەڕەنسا پێشڤەچوونێكی زۆری بە خۆیەوە بینی, لە ئێستاشدا كە كورد هەولەكانی چڕكردۆتەوە بۆ سازدانی ریفراندۆم بە مەبەستی سەربەخۆی,نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە فەرەنسا، ئاماژە بەوە دەدات كە فەڕەنسا ھیچ كیشەی لەگەڵ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بۆ كوردستاندا نییە، چونكە لە كاتە سەختەكاندا پاڵپشتی لە گەلی كورد كردووە.
عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لە فەرەنسا بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندووە: “پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی پەیوەندی بە ناوخۆوە ھەیە، فەڕەنسا دەستێوەردانی كێشە ناوخۆییەكانی وڵاتان ناكات، بەڵام فەڕەنسا لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستاندا ھیچ كێشەی نییە، ئەگەر لە چوار چێوەی بەرقەراركردنی ئاشتی و ئاسایش دا بێت، چونكە فەڕەنسا لە كاتە سەختەكاندا پاڵپشتی لە گەلی كورد كردووە”.
نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا، ئەوەشی خستەڕوو: “فەڕەنسا لە ساڵی 1991 كاتێك ڕژێمی بەعسی ڕووخاوی باشووری كوردستانی داگیر كرد، ئەوان بڕیاری 688یان لە دژی دەركرد، ھەروەھا ئێستا لەلای فەڕەنسا و ھەموو جیھان ڕوون و ئاشكرایە كە ھێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە پێناو بەرقەراركردنی ئاشتی و ئاسایشدا لە دژی ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش شەڕ دەكەن، بۆیە ئەوان ڕێز لە ھەر بڕیارێك دەگرن كە لە ناوخۆی ئێمەدا بدرێت”.