سەرۆکی حکومەت نەخۆشخانەی (شۆرەش – هێتیت)ی كردەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمێکدا لە سنووری ئامێدی، نەخۆشخانەی ‘شۆڕش-هێتیت’ـی کردەوە.

لە گوتارێکدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “کردنەوەی نەخۆشخانەی شۆڕش – هێتیت لە هەموو خەڵكی ئەم دەڤەرە پیرۆز دەکەم و هیوادارم کەس نەچار نەبێت سەردانی نەخۆشخانەکە بکات؛ بەڵام دڵنیام ئەگەر هاتن، لە دەستێکی ئەمیندا دەبن و بە باشترین شێوە لە لایەن پزیشک و پەرستارەکانەوە چاودێرییان دەکرێت.”

دەقی وتاری سەرۆكی حكومەت:

پێویست بوو ئێمە خزمەتێكی زیاتری ئەم دەڤەرە بكەین، جگە لەوەی كە ئەمە داخوازیی خەڵكی ئەم دەڤەرەش بوو كە نەخۆشخانەیەك دروست بكرێت، چونكە زۆرجار بە تایبەتی لە وەرزی زستان و لە كاتێكدا بەفر هەبوایە، نەخۆش نەدەگەیشتنە نەخۆشخانەی دیكە لە دهۆك، لە هەولێر و لە ئامێدی، بۆیە بڕیار درا بۆ دروستكردنی ئەم نەخۆشخانەیە، لەو كاتەوە تا ئێستا كارێكی زۆر باش كراوە، من چووم سەردانی هەموو بەشەكانی ئەم نەخۆشخانەیەم كرد، راستی بە شێوازێكی زۆر سەردەمیانە و بە ئامێری زۆر پێشكەوتوو ئامادە كراوە، من لەو باوەڕەدام كە پزیشك و نۆژدار و پەرستاری زۆر باشیشمان هەیە و زۆر باش چاوی خۆیان دەدەنە خەڵكی ئەم دەڤەرە و چیتر ناچار نابن بۆ نەخۆشی سەردانی شاری دیكە بكەن.

جارێكی دیكە دەستخۆشیی لە خەڵكی ئەم دەڤەرە دەكەم، بەڕاستی شایانی هەموو خزمەتێكن كە بۆتان بكرێت، چونكە بەڕاستی دەڤەرێكی قوربانیدەر بووە و بەردەوام شۆڕش لەم دەڤەرە هەبووە و ئێستاش رۆڵی ئێمەیە خزمەتێكی زیاتری خەڵكی ئەم دەڤەرە بكەین، ئینشائەڵا زۆر زیاتریش دەكەین.

من هەندێكی تریش ئاخافتنێكم هەیە لە ئامێدی، حەز ناكەم زۆر درێژی بكەمەوە، بەڵام حەزم كرد سەردانی ئێوە بكەم و دەستخۆشیتان لێ بكەم و هیوای سەركەوتن بۆ ئێوە هەموان بخوازم، وەك هەموو جارێكیش ئینشائەڵا كەس ناچار نەبێت بێتە نەخۆشخانە، بەڵام ئەگەر هاتن، لەو باوەڕەدام لە دەستێكی ئەمیندان و ئێوەش لە شاری خۆتاندان.

جارێكی تر پیرۆزبایی دروستكردنی نەخۆشخانەی (شورەش – هێتیت) لە خەڵكی ئەم دەڤەرە و هەموو كوردستان دەكەم، ئینشائەڵا پیرۆز بێت.

Back to top button