دواین زانیاری لەبارە هێرشی مووشەكەی ئەمریكا بۆ سەر سوریا
خواكوڕك
ئەمڕۆ سەعات ٤ـی بەیانی بە کاتی هەرێمی کوردستان، ئەمەریکا ٥٩ مووشەکی نا بە بنکەیەکی سەربازیی و ئاسمانی رژێمی سووریا لە پارێزگای حومس”.
لەو بارەیەوە، ئەنتۆنی بلینکن، جێگری وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا لە بابەتێکدا دەنووسێت، سەرۆک دۆناڵد ترەمپ کارێکی باشی کرد کە ئامانجێکی گرنگی لە سووریا بۆردومانکرد، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر هێرشە کیمیاییەکەی رۆژی سێشەممەی رابردوودا. بلینکن دەنوسێت، پێدەچێت ترەمپ نەیەوێت “سەرۆکی جیهان بێت”، بەڵام کاتێک دیکتاتۆرێک رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان ناگرێت، ئیدی جیهان چاوی لە ئەمریکایە بۆ ئەوەی کاردانەوەی هەبێت. جێگری وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا پێگەی ئەمریکا بەهێزە و هەربۆیەش دەبێت رێگا نەدات چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی لە سووریادا بەکاربهێنرێت، کاربکات بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی کاریگەر و پاشانیش هەوڵدان بە ئاراستەی ئەنجامدانی گۆڕانکاری سیاسی لە سووریادا، ئەوەش لە رێی دانووستاندنەوە.
هەر لەسەر هێرشەكەی ئەمریكا، پۆڵ رایان، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا” دەلێت، هەنگاوەکەی ترەمپ پەرچەکردارێکی دروست و بەجێ بوو ، چارەسەرکردنی قەیرانە درێژخایەنەکەی سووریا ئەرکێکی ئاڵۆزە، بەڵام دەبێت بەشار ئەسەد لەسەر کردەوەکانی رووبەڕووی بەرپرسیارییەتی بکرێتەوە و رازیبکرێت کە رەفتارەکانی بگۆڕێت. چاوم لەوەیە کە حکومەت لەو هەوڵانە کۆنگرێس بەشداری پێبکات”.
لەو بارەیەوە، جۆن مەکین و لینداسی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکان “دەلێت، دەبێت دواجار لە وانە مێژوویەکانەوە فێربین و، دڵنیابین لەوەی کە تاکتیکی سەرکەوتوو بەرەو ستراتیژییەتێکی پێشکەوتوومان دەبات، ئەمەش واتە جێبەجێکردنی ستراتیژییەتێکی نوێی بەهاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانانمان بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانەکانی سووریا”
كاردانەوەكان زیاتر دەبێت و ئێد رویس، سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەران “دەلێت چەندجارێک ئەسەد لەلایەن ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگادارکراوەتەوە کە کردنە ئامانجی ژن و پیاو، و منداڵان بەرگەنەگیراوە. ئێستا ئەسەد، جارێکی دیکە هێرشێکی کیمیایی ئەنجامدا و حکومەتیش وەڵامێکی گونجاوی دایەوە”
هەر لەیەکەم لێدوانیدا پێوەست بەو هێرشە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە فلۆریدا رایگەیاند، خۆی بڕیاری ئەو هێرشەی ئەمەریکایی دەرکردووە چونکە بەشار ئەسەد چەکی کیمیایی بەکارهێنا و ئەو هێرشەیش وەڵامێکە بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێ هێڵە سوورەکان ببەزێنن، هەروەها ئاماژەیشی دا، کە منداڵ لەدایکدەبێ نابێ بەو جۆرە بمرێ وەک ئەوەی کە رژێمی سووریا بە چەکی کیمیایی کوشتنی، بۆیە سەرۆکی ئەمەریکا هۆشداری دایە بەشار ئەسەد کە ئەمەریکا وەڵامی بۆ هەرهەنگاوێکیان دەبێ کە هێڵی سوور ببەزێنن.
لە یەکەم کاردانەوەدا بۆ پاڵپشتی کردن لە ئەمەریکا، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا پشتیوانی تەواوی هێرشەکەی ئەمەریکایی بۆسەر سووریا دەربڕی و دەستخۆشی لە ترەمپ کرد. سعوودیە و ئیسرائیل و تورکیایش پشتیوانیان لەو هێرشەی ئەمەریکا بۆسەر سووریا کرد.
ئەو كەشتیانەشی كە مووشەكەكانیان ئاراستە كردووە بریتن لەهەردوو كەشتی USS Porter و USS Ross ی ئەمەریكی 59 موشەك هەڵدراون، بەپـێی میدیاكان ئامانجەكە فڕۆكەخانەی شعێراتی لەشكری سوریا لەنزیك شاری حومس بووە.
بەگوێرە زانیاری ئاژانسەكان پێش هێرشی مووشەكی ئەمریكا بۆ سەر سوریا، دۆناڵد ترەمپ چوار دەوڵەتی لەو هێرشە ئاگادار كردۆتەوە پێی راگەیاندوون كە هێرشی مووشەكی بۆ سەر سوریا ئەنجام دەدات ئەو چوار دەوڵەتەش بریتیە لە فەرەنسا و روسیا و ئیسرائیل و بەریتانیا”.