دەوامی قۆناغی یەک لە زانکۆکان دەستپێدەکات

بڕیارە لەیەک کاتدا، رۆژی یەکشەممەی ئەم هەفتەیە 26-10-2025 دەوامی قۆناغی یەکی قوتابیانی تازە وەرگیراو لە کۆلیژ و پەیمانگەکان دەستپێبکات و ئەوانەشی دابەزاندن لە بەشەکانیان دەکەن ئاگادار دەکرێنەوە.

سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەددین رایگەیاند ، رۆژی یەکشەممە حەوت هەزار و 87 قوتابی لە 16 کۆلیژ و 89 بەشی ئەکادیمی دەوامییان دەستپێدەکات. ئەو قوتابیانەشی دابەزاندنیان لە بەشەکان کردووە تا ڕۆژی 30-10-2025 مۆڵەتییان هەیە مامەڵەکانیان تەواو بکەن، دوای ئەو وادەیە مامەڵەکانیان هەڵدەوەشێتەوە.

لای خۆشیەوە د.یۆهان عوسمان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی رایگەیاند ، لە زانکۆی سلێمانیش رۆژی یەکشەممە دوامی قۆناغی یەک دەستپێدەکات، بۆ ئەمساڵ تا ئێستا نزیکەی شەش هەزار قوتابی لە 22 کۆلێژ و 83 بەش وەرگیراون.

هاوکات د. نەبەز محەممەد ئیبراهیم، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی دهۆک بۆ کاروباری قوتابیانیش گوتی، فەرمانی زانکۆیی بۆ چوار هەزار و 100 قوتابی تازە وەرگیراو دەرچووە و رۆژی یەکشەممە لە 19 کۆلێژ و 68 بەش دەوامیان دەستپێدەکات. هاوکات بەشە ناوخۆیی بۆ هەموو قوتابیانی دەرەوەی شارەکان ئامادەکراوە.

Back to top button