مەترسی گەورە بۆ سەر ژینگەی بەغدا دروستبوو

روانگەی عێراقی سەوز بڵاویکردەوە ، ئەو کارگانەی بێ مۆڵەت کاردەکەن، کەشوهەوای بەغدایان پیسکردووە، هەروەها حکومەتیش تاوەکوو ئێستا هیچ چارەسەرێکی بۆ بابەتەکە نەدۆزیوەتەوە.

لە راگەیاندراوێکدا روانگەی عێراقی سەوز هۆکارەکانی پیسبوونی هەوای بەغدای ئاشکرا کرد و رایگەیاند، یەکێک لە هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە و هەوای بەغدا بۆ لایەنی پەیوەندار دەگەڕێتەوە کە لێپرسینەوە لە کارگەکانی خشت و قیڕی بێ مۆڵەت ناکەن و دایان ناخەن، کە بەشدارن لە پیسکردنی هەوای شارەکە.

باسی لەوەش کردووە، ئەو کارگانە سووتەمەنی کواڵێتی خراپ بەکاردەهێنن کە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش و پیشکردنی ژینگە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی چەندین جار لایەنی بەرپرس دڵنیاییان بە دادگاییکردن و داخستنی پڕۆژە سەرپێچیکارەکان داوە.

باسی لەوەشکردووە، سووتاندنی زبڵ و خاشاک لەبەغدا بەردەوامە، گرنگی نەدانی حکومەتیش بەو پرسە بووەتە هۆی زیادبوونی ئەم سەرپێچییانە، هەروەها بەپێی ئامارەکانی IQ AIR بەغدا یەکێکە لەوشارانەی جیهان پیسترین کەشوهەوای هەیە.

لە کۆتایشدا هۆشداری دەداتە بەرپرسانی بەغدا و دەڵێ، ئەگەر بەرپرسان چارەسەری ئەو کێشەیە نەکەن و دۆخەکە باشتر نەکەن، لە ڕۆژانی داهاتوودا پیسبوونی ژینگەی بەغدا زیاتر دەبێت، کە بەهۆی چالاکییە پیشەسازییەکانی بەغدا دروست بووە.

Back to top button