مه‌سرور بارزانی: دەمانەوێت کوردستان ببێتە سەرچاوەی کارەبا بۆ هەموو عێراق

ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، پرۆژەی ستراتیژیی گەیاندنی بۆریی گازی سروشتی (هەولێر-دهۆک)، لە شاری دهۆک کردەوە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی پێشکەشکردنی گوتارێک وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، ئاماژەی بەوە دا، سوپاس بۆ خودا ئەو دەرفەتەی بە ئێمە دا ئەو پرۆژانە جێبەجێ بکەین و بیخەینە خزمەتی خەڵکی کوردستان.

باسی لەوەش کرد، خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکەشی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین، حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانی زیاتری لە کەرتی گازدا کرد لەگەڵ کۆمپانیای دانا گاز و کۆمپانیای کار، ئێستا بەرهەمی گاز بووەتە دوو بەرانبەر، ئەمەش هاوکاریی زیاترمان دەکات لە دابینکردنی کارەبای زیاتر.

مەسرور بارزانی، هەر لە باسی سێکتەری کارەبادا گوتی: دەمانەوێت کوردستان بکەینە شوێنێک بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ هەموو عێراق و دەوروبەریش، ئەم پرۆژەیەی ئەمڕۆ زیاتر هاوکاریمان دەکات بۆ ژینگەیەکی پاکتر، چونکە گازوایل کاریگەریی هەبوو لەسەر پیسکردنی ژینگە.

لە بارەی جێبەجێکردنی پرۆژەی دیکە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد، پرۆژەی دیکەمان هەیە كه‌ بریتییه‌ له‌ ڕاکێشانی بۆریی گاز لە نێوان کۆرمۆر بۆ چەمچەماڵ و لە بەرنامەی حکوومەتدایە و هیوادارم لە کاتێکی نزیکدا جێبەجێ بکرێت.

لە درێژەری گوتارەکەیدا، مەسرور بارزانی باسی لە سامانە سروشتییەکان کرد و جەختی لەوە کردەوە، کوردستان بە سەرچاوەی سروشتی؛ نه‌وت، گاز و کانزا شوێنێکی دەوڵەمەندە، ئەم سامانە سروشتییە موڵکی هەموو خەڵکی کوردستانه‌ و موڵکی هیچ حزب و کەسێک نییە.

لە بارەی پرۆژەی ڕووناکییه‌وه‌ مەسرور بارزانی، ڕایگەیاند: زیاتر لە چوار ملیۆن هاووڵاتی لێ سوودمەند بوونە لە سەرانسەری کوردستان، ساڵی داهاتوو سەرجەم کوردستان دەبێتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری.

هاوکات گوتیشی: ئەو پرۆژەیەی ئەمڕۆ زۆر ستراتیژی و گرنگە و هاوکار دەبێت لە زیادکردنی بەرهەمی کارەبا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نیازی هەرێمی کوردستانی بۆ هاوکاریکردنی عێراق دەبڕی و ئاماژەی بەوە کرد، دەمانەوێت زیاتر لە سێکتەری کارەبا هاوکاری حکوومەتی فیدراڵیش بکەین، هەروەها دەمانەوێت کوردستان ببێتە سەرچاوەی کارەبا بۆ هەموو عێراق.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە دابینکردنی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆر کرد و ڕوونی کردەوە، حکوومەت لە داهاتوودا بەرنامەی دیکەیشی هەیە بۆ ئەوەی سوود لە وزەی خۆر وەربگرێت، بۆ ئەوەی هاووڵاتییانیش بتوانن وزەی خۆر بەکار بێنن و لە ڕێگەی بانکیش قەرز بدەین بە هاووڵاتییان تا بتوانن بە ئاسانی بە دەستی بهێنن.

مەسرور بارزانی ئەوەی نەشاردەوە کە تووشی ئاستەنگی و ڕێگریی زۆر بوونە تا نەتوانن پرۆژەکان جێبەجێ بکەن، بەڵام وەک خۆی ئاماژەی پێ کرد، سەرەڕای ئاستەنگ و ڕێگرییەکان، سوپاس بۆ خوا توانیومان پرۆژەکان جێبەجێ بکەین و خەونی زۆر کەس بکەینە ڕاستی.

هیواشی خواست بتوانن لە ڕێگەی جێبەجێکردنی پرۆژەکانەوە خزمەتی زیاتری خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەن. مەسرور بارزانی داواشی لە هاووڵاتییان کرد ژینگە بپارێزن و کارەبا بە فیڕۆ نەدەن.

Back to top button