شاندێکی کوردستان گەیشتە بەغدا

شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق سەبارەت بە سێ دۆسیەی گرنگ گەیشتنە شاری بەغدا.

هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی کوردستان بە دەزگای میدیایی خواکوڕکی راگەیاند :” شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان كە پێكهاتوون لە سامی جەلال، راوێژكاری وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی كوردستان، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری و جەوهەر محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ گەیشتنە شاری بەغدا، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق سەبارەت بە زیادکردنی داهاتی نانەوتی، هاوکات تاوتوێکردنی چۆنیەتیی رێکخستنەوەی باجی گومرگیی لە دەروازە سنوورییەکان و پرسی پێناسی گومرگی تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکان دەبێت.

بەپێی زانیارییەکان عێراق بڕیاریداوە تا 2025-12-01، سیستمی ئەسیکۆدا لە سەرانسەری وڵات جێبەجێ بکرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش داوای کردووە سیستمی گومرگیی هەرێمی کوردستان وەک خۆی بمێنێتەوە و ئالوگۆڕی زانیاری لەنێوان هەردوولادا هەبێت.

Back to top button