
شێخ نەهرۆ کەسنەزانی : لایەنێک کە توانیویەتی خزمەت بکات بۆ ئایندەی کوردستان بە پێویستی دەزانم پشتی بگرین
شێخ نەهرۆ شێخ محەمەد کەسنەزانی، سەرۆکی تەریقەتی عەلییەی قادری کەسنەزانی لە جیهان، پشتیوانی خۆی بۆ ئەو لایەنە راگەیاند کە خزمەتی کوردستان دەکات .
لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی راگەیاند شێخ نەهرۆ کەسنەزانی گوتی: ” لایەنێک کە توانیویەتی خزمەت بکات بۆ ئایندەی کوردستان بە پێویستی دەزانم پشتی بگرین، یەکێک لەو پرۆژانەی کە دەبێت شانازی پێبکەین بەنداوەکانی کوردستانە کە تا 30 ساڵ کوردستان لە بێ ئاوی دەپارێزێت.
باسی لەوەشکرد:” ئەوانەی کە توانیان خزمەت بکەن و خزمەتیان کرد و جێپەنجەیان دیارە و باڵادەستبوون روون و ئاشکرایە، گەلی کوردمان لای روون و ئاشکرایە کە ئەو لایەنە کێیە کە خزمەتی کردووە.
گوتیشی:” پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان زۆر گرنگن، یەکێک لەو پرۆژانەی کە دەبێت شانازی پێبکەین بەنداوەکانی کوردستانە کە یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکان، لە کاتێکدا رۆژهەڵاتی ناوەراست لەژێر هەرەشەی کەمئاویدایە ئەو خاڵە زۆر گرنگە کە سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەستی داوەتێ .
سەرۆکی تەریقەتی عەلییەی قادری کەسنەزانی لە جیهان زیاتر گوتی:” جەنابی کاک مەسرور بارزانی پرۆژەی بەنداوەکانی شیکردەوە و بە گرنگی وەرگرتووە و ئەمرۆ زیاتر لە 30 پرۆژەی بەنداو هەیە لە کوردستان، پرۆژەی بەنداوەکان رۆلی گرنگیان دەبێت لە کوردستان و وا دەکات کوردستان بێ ئاو نەبێت تا 30 ساڵی داهاتوو، ئەمە خاڵێکی گرنگە بۆ تەواوکردنی ژیان لەسەر خاکی کوردستان .
لەکۆتایشدا گوتی:” بە واجبی ئەزانم مەرکەزێکی رەئیسی تەریقەت لە هەولێربێت بۆ خزمەتکردنی گەنجان و تاکوو بە هەموومان پاڵپشتی حکومەتی خۆمان بین.