
شاخەوان عەبدوڵڵا: ئەو فێڵەی لە پارێزگاری كەركووک كرا، كەوتە واری جێبەجێكردنەوە
شاخەوان عەبدوڵڵا دوای ئەوەی هۆشداری دا لە فێلێک کە لە پارێزگارەکەی کەرکووک کراوە کەمێک پێش ئێستا بەڵگەی بڵاو کردەوە و دەڵێ : ئەو فێڵەی لە پارێزگاری كەركووک كرا، كەوتە واری جێبەجێكردن و ، قسەی من راست دەرچوو.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) نووسیویەتی: “لە 19ـی ئاب نووسراوێکم بڵاو کردەوە کە فێڵێک لە پارێزگاری کەرکووک کراوە و لەسەر نوسراوێکی ئەو کارەبای دووبز، داقووق، شوان و دەورووبەری کەرکووک خراوەتە سەر حەویجە و ئیتر دەبێت بۆ راییکردنی کارەکانیان خەڵکی ئەو ناوچانە سەردانی حەویجە بکەن.”
دەشڵێت: “داوام پارێزگاری کەرکووک نووسراوێک بکات داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە بکات و ئێمەش هاوکار دەبین بۆ هەڵوەشاندنەوەی، بەڵام لە وەڵامی مندا دەیان میدیای بەپارەی حەرام گەورەکراو و خەڵکی بەکرێگیراو هێرشیان کردە سەر من و وتیان ڕاست نییە و ئەو بابەتە هەڵوەشاوەتەوە و راگیراوە.”
هەروەها شاخەوان عەبدوڵڵا، بە بەڵگە بڕیارەكەی بڵاو كردووەتەوە و نووسیویەتی: “فەرموون ببینن قسەی من راست دەرچوو بە بریاری ژمارە 32058 لە 28ـی 10ـی 2025دا، ئەو بابەتە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە و فەرمانی پێ دەرچوو.”
ئاماژە بەوەش دەكات، كە ئەگەر بەڵگەی نەبووبێت، هیچ کات قسەی لەسەر هیچ بابەتێک نەکردووە.
