
چوار پڕۆژەی گرنگ لە سنووری شەقڵاوە جێبەجێ دەکرێن
بڕیارە کۆمەلێک پڕۆژە لە شەقڵاوە جێبەجێ بکرێت و، سەدان هەلی کار بۆ دانیشتووانی سنوورەکە دەڕەخسێنت.
کاروان کەریم خان، قایمقامی قەزای شەقڵاوە گوتی، دەرخستە و دیزاینی کۆمەڵێک پڕۆژە تەواوکراون و بەرزکراونەتەوە، بۆ ئەوەی دوای پێداچوونەوە بودجەی بۆ تەرخان بکرێت و بچێتە بواری جێبەجێکردن بەوهۆیەوە سەدان هەلی کار بۆ دانیشتووانی سنوورەکە دەڕەخسێنێت.
گوتیشی :” پڕۆژەکان بریتین لە :
یەکەم : پڕۆژەی دروستکردنی بەنداوی گەشتیاریی سابیراوە دەرخستە و دیزاینی تەواو بووە، دەبێتە ناوەندێکی گرنگی گەشتیاری.
دووەم : پڕۆژەی بازاڕی گەشتیاری بناری سەفین، بەشێوەیەکی کلاسیکی بەدرێژایی چەند کیلۆمەترێک نۆژەن دەکرێتەوە، لەنێو بازاڕەکە مزگەوتی کۆنی شەقڵاوە و کەنیسەی کۆنی شەقڵاوە، ئەو شەقامە دەچێتە سەر مەزاری ڕەبەن بۆیا، کە لای موسڵمانەکان بە وسو ڕەحمان ناسراوە.
سێیەم : دروستکردنی کۆمەڵگەی ئیداری، گواستنەوەی دامەزراوە حکومییەکان بۆ یەک شوێن ئەمەش ئاسانکاری بۆ هاووڵاتیان دەکات، شوێنی ئێستای ئەو بینایانە دەکرێت بە پڕۆژە و هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان دەڕەخسێت.
چوارەم: پڕۆژەی گەشتیاری وەرزشی، پڕۆژەیەکی گەورەی نیشتمانی دەبێت لە قۆناغەکانی داهاتوو، کە ئامانجی سەرەکی ئەوەیە میوانداری یارییە وەرزشییە جیهانییەکان بکات، لە پڕۆژەکە ڕێرەوی وەرزشی چیای سەفین، مەلەوانگەی داخراو لەسەر رووباری قەندیل، هۆڵ و یاریگەی داخراوی وەرزشی لەخۆدەگرێت.