
سەرۆکی حکومەت: پەرە بە گەشەسەندن و پێشخستنی وڵاتەکەمان دەدەین
ئهمڕۆ دووشەممە، 3ی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی دووسایدی حاجی ئۆمهرانی کردەوە و لە گوتارێکدا رایگەیاند “خەڵکی حاجی ئۆمەران شایەنی باشترین خزمەتگوزارین و ئەوەی لە دەستی حکومەتیش بێت بە پێی توانا لە خزمەتتاندا دەبین و پەرە بە گەشەسەندن و پێشخستنی وڵاتەکەمان دەدەین.”
دەقی وتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
بە ڕاستی زۆر خۆشحاڵم کە سەردانی حاجی ئۆمەران دەکەم، کە سەردەمێک پایتەختی شۆڕشی ئەیلوول بوو، شوێنەواری بارزانیی نەمرە، شوێنی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەیە کە ئێستا ئێمە بەرھەمی دەستیان دەبینین و لە سایەی زەحمەت و ماندووبوونی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە ئێستا کوردستانێکی ئازادمان ھەیە.
جێی دڵخۆشییە کە ئەمڕۆ لێرەین بۆ کردنەوەی بەشێک لەو ڕێگایە کە بەشێوەیەکی سەردەمیانە و ڕێکوپێک دروست کراوە و خراوەتە خزمەتی ھەموو ھاووڵاتییان. بێگومان خەڵکی ئەم دەڤەرە شایەنی خزمەتێکی یەکجار زیاتر لەوەن. ئەوەی لە دەستی حکوومەتیش بێت بەپێی ئیمکانیات لە خزمەتتاندا دەبین و پەرە بەو گەشەسەندن و پێشخستنی وڵاتەکەمان دەدەین.
ئێرە شوێنێکی گرنگە، چونکە دەروازەیەکیشە لەگەڵ وڵاتی دراوسێی ئێمە، کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە پێویستە بۆ ئێمە گرنگی بەو پەیوەندییانە بدەین و ئاسانکاریش بۆ ھاتوچۆی ھاووڵاتییان بکەین و لە ڕووی بازرگانیشەوە بۆ ئێمە گرنگە کە پەرە بە بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بدەین. ھیوادارم ئەم ڕێگایە و ھەموو کار و خزمەتگوزارییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جارێکی تر بکەونەوە خزمەتی ھاووڵاتییان و بژێویی ژیانی خەڵکی کوردستان و سەلامەتی و سەربەرزیی ئێوە ئەرکە بۆ ئێمە و ئاواتی ئێمەیە.
ھیوادارم ھەر پیرۆز بێت لێتان، کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ سەرکەوتووتر بێت، گەشەی زیاتر بەخۆوە ببینێت، ئێوە ھەر ساغ و سەلامەت بن، وڵاتمان ھەر ئاوەدان بێت. زۆر زۆر سپاس.