
وهزارهتی شارهوانی: كاركردن لە پڕۆژەی ( رێڕەوی ژیان ) لە هەولێر دەستی پێكرد
وهزارهتی شارهوانی راگهیاندراوێكی بڵاو كردهوه و تیایدا هاتووه، ئەمڕۆ كاركردن لە پڕۆژەی رێڕەوی ژیان دەستی پێكرد و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش سەردانی پێگەی پڕۆژەكە دەكات و بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كارەكان دەكات.
ئهوهش خراوهته روو، دوای ئەوەی دوێنێ چوارشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی “رێڕەوی ژیان”ی لە شاری هەولێر دانا.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممەش ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی پێگەی پڕۆژەكەی كرد و كاركردن تێیدا دەستی پێكرد.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەسەر پێگەی پڕۆژەی ڕێڕەوی ژیان بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كار و ئاستەنگەكانی بەردم پرۆژەكە كرد و هاوكات لەگەڵ كارزان، عەبدولهادی، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و تیمی ئەندازیاران و جێبەجێكاری پڕۆژەكە گفتوگۆی كرد و رایسپاردن بۆ ئەوەی لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا ئەو پڕۆژە نایابە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان تەواو بكرێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەم پڕۆژەیە یەكێكە لە پڕۆژە زۆر گرنگەكانی شاری هەولێر و ئەو زۆنەی شاری هەولێر دەبووژێنێتەوە، بۆیە پێویستە كارەكانی بە باشی بەڕێوە بچن و ئامادەیی هەر جۆرە پاڵپشتی و هاوكاریەكیشی دەربڕی لەپێناو بە باشی بەڕێوەچوونی كارەكانی پڕۆژەی ڕێڕەوی ژیان.
پڕۆژەی “رێڕەوەی ژیان” كە لای دانیشتوانی شاری هەولێر بە كۆڕنیشی هەولێر ناسراوە، چەندین تایبەتمەندی گرنگی تێدایە و یەكێك لە پڕۆژە جوان و نایابەكانی شاری هەولێر دەبێت. دیزاینی گشتیی پڕۆژەكە زیاتر لە 25 كلیۆمەترە و لە ئێستادا كار لە بەشی یەكەمی دەكرێت و پاشان بەشەكانی دیكەی تەواو دەكرێت. بە تەواوبوونی پڕۆژەكە، شاری هەولێر هەنگاوێكی دیكە دەچێتە پێشەوە و ئەو سنوورەی شارەكە دەبووژێتەوە كە ساڵانێكی زۆرە بووەتە شوێنی فڕێدانی خاشاك و ناوچەیەكی لاپەڕگەی هەولێر بووە، بەڵام بە تەواوبوونی هەلی كاری نوێ دەڕەخسێنێت و جوانییەكی زۆر بە ناوچەكە دەبەخشێت و هاوكات ناوچەیەكی نوێی گەشتیاری لە شاری هەولێر دروست دەبێت.

