
سەرۆک بارزانی بۆ خەڵکی کوردستان: سوپاسی خۆڕاگریتان دەکەم، دەستی یەک بەیەکتان ماچ دەکەم
لە هەولێری پایتەخت ئەمڕۆ هەینی ٧ی١١ی٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی گەورەترین کەرنەڤاڵی جەماوەری بۆ پاڵپشتی لە لیستی ٢٧٥ی پارتی لەنێو یاریگای شەهدی فرەنسۆ بەڕێوە چوو.
لەمیانی کەرنەڤاڵەکەدا سەرۆک بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: “خۆشحاڵیم وەسف ناكرێ كە ئەمڕۆ لە خزمەتی ئێوەدام، هەمووتان بەخێربێن سەرسەر و سەرچاوان.، خۆشەویستان ئامادەبوونی ئێوە بەم حەماسەتەوە، بەم مەعنەویاتە بەرزەوە هەمیشە ئومێدبەخشە بۆ ئێوە.”
گوتیشی: “هەروەك ئاگادارن سێ چوار رۆژمان ماوە بۆ هەڵبژاردن، هەڵبژاردن راستترین رێگەیە بۆ ئەوەی گەل بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و رەئی خۆی بدات. بە نسبەتی ئێمە مەسەلەیەكی مەبدەئییە. هەڵبژاردنی ئەمجارەش ئێمە دەزانین گۆڕانكاریی بەسەر كورسییەكاندا نایەت چونكە پێشوەختە كورسییەكان دەستنیشان كراون، بەڵام بەشدار بووین لەبەر دوو هۆی سەرەكی: یەكێكیان، زۆر لە دۆستان و هاوخەباتان لە ناو عەرەبەكانیش و دۆستەكانمان لە دەرەوەش هەموو داوایان كرد كە بەشدار بین و پەیامی زۆر ئەرێنیمان پێ گەیشتن لە زۆر لە دۆستانمان لە هاوخەباتانمان لە بەغدا كە رەنگە ئەم هەڵبژاردنە راستە كورسییەكان ناگۆڕێن بەڵام ڕێگەخۆشكەر دەبێت بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق بگەڕێنینەوە بۆ سەر ڕێگەی راستی خۆی، كە ئەمە دەرفەتێكی زۆر باشە، بۆیە ئێمە بەشدار بووین و لەگەڵ ئەو دۆستانە، ئەو هاوبیرانەی كە وا بیر دەكەنەوە عێراق پێویستیی بەوەیە چاكسازیی بنەڕەتی تێدا بكرێ، ئێمەش لەگەڵ ئەوان دەست دەخەینە ناو دەست و هەموو هەوڵێك دەدەین. هۆی دووەم، بۆ ئەوەی سەنگی پارتی پیشانی هەموو لایەك بدرێ.”
سەرۆک بارزانی لەبارەی ماددەی ١٤٠یش گوتی: “ماددەی ١٤٠ نە لەبیر دەكرێت، نە وازی لێ دەهێنین، دەبێ جێبەجێ بكرێت. لێرەدا دەمەوێت بەو خوشك و برایانەی لە ناوچەكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن پێیان بڵێم، دڵنیا بن ئێوە لەناو دڵی ئێمەدان.”
گوتیشی: “گەڕانەوە بۆ دەستوور، ئێمە پابەندین بە دەستوور، كەس بە قەد ئێمە ماندی نەبووە بەم دەستوورەوە. ئەو وەختەش من گوتم ئەم دەستوورە بێ كەموكوڕی نییە، بەڵام بەشی ئەوە ئیجابیاتی تێدایە كە ئێمە تەئیدی دەكەین و ئەگەر جێبەجێ بكرابا، زۆر لەو مەشاكیلانەی روویان دا، ڕوویان نەدەدا. ئەگەر ئەو سێ بنەمایە گەڕانەوە و ئیلتزام بە دەستوور كرا، ئیتر لە زوڵمی مەركەزیەتی چەوسێنەر نەجاتمان دەبێت و هەموو خەڵكی عێراق بە ئاسوودەیی ژیان دەبەنە سەر و چیتر كەس ناتوانێت بەپێی میزاجی خۆی یاریی بە بودجەی هەرێم و مووچەی خەڵكی هەرێم بكات كە جگە لەوەی زوڵمێكی گەورەیە، ئیهانەیەكی گەورەش بوو بۆ خوێنی شەهیدانی ئێمە كە نابێت ئەمە دووبارە ببێتەوە.”
هەروەها سەرۆک بارزانی ئەوەشی خستە روو: “هەندێكجار هەڕەشەی هەندێك كەسمان گوێ لێ دەبێت، یان هەندێك كەس وەتەنیات بە خەڵكی تر دەفرۆشن یان دەپرسن ئایا ئێوە ئیلتزامتان بە عێراق هەیە یان نا؟ وەكەئەنەما عێراق موڵكی ئەوانە. لە كۆنفرانسی لەندەن ئەساسی ئەو عێراقەمان دانا و ڕۆڵی سەرەكیمان تێدا بینی، لە رووخاندنی رژێمی دیكتاتۆری پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان رۆڵی سەرەكییان بینی، لە دامەزراندنی عێراق و دەستوور خەڵكی كوردستان رۆڵی سەرەكییان بینی، بەڵێ ئێمە لەگەڵ عێراقین، بەڵام عێراقێك كە شەریك بین، هاوسەنگ بین، هاوبەش بین، نەك عێراقێك مەجمووعەیەك مافیا بیانەوێ داگیری بكەن و حوكمی لێ بكەین، ئێمە لەگەڵ عێراقێكی فیدرالی دیموكراتی فرەنەتەوەیی، فرەحزبی، فرەئایینی، فرەمەزهەبین، ئێمە لەگەڵ عێراقی دیكتاتۆری نەبووین و ناشبین.”
راشیگەیاند: “ئامۆژگاری ئێمە بۆ كاندیدەكانمان هەروەكوو پێشتریش باسم كرد، ئامۆژگاریی ئێمە ئەوەیە كە تەنها خۆیان بە نوێنەری هەرێمی كوردستان نەزانن، بەڵكوو خۆیان بە نوێنەری هەموو پارێزگاكانی عێراق بزانن و لە هەر كوێیەكیش زوڵم لە هەر تاكێكی عێراقی كرا، بەرگریی لێ بكەن هەروەكوو بەرگریی لە یەكێكی هەولێری یان دهۆكی یان سلێمانی یان كەركووكی دەكەن.”
لە دێژەی گوتارەکەی سەرۆک بارزانی گوتیشی: “لەسەر دۆخی ناوخۆمان لە هەرێم هەروەكوو بەڕێزتان دەزانن ئەمە ساڵێك بەسەر هەڵبژاردنی هەرێمدا تێپەڕی، هەر دوای ئەوەی كە ئەنجامەكان راگەیاندران، داوامان كرد لە هەموو لایەنەكان بێن حكوومەتێكی بنكەفراوان تەشكیل بكەین، كوردستان موڵكی هەموومانە، هەندێكیان یان ئەكسەریان نەهاتن و موعارەزەیان هەڵبژارد، ئێمە رێزمان هەیە بۆ ئیختیاری ئەوان، مەسەلەكە مایەوە بۆ پارتی و یەكێتی. دوای چەندین كۆبوونەوە لە نێوان وەفدی پارتی و وەفدی یەكێتی، لەسەر دوو میحوەری ئەساسی ئیشیان كرد، یەكێكیان شێوەی حوكمڕانی و ئیدارەی حكوومەت، ئەوەی تر دابەشكردنی پۆست. لەسەر خاڵی یەكەم گەیشتنە ڕێككەوتن، لەسەر خاڵی دووەمیش من تەوسیەی شاندی پارتیم كرد لەگەڵ مەكتەبی سیاسیش كە ئەوپەڕی مروونەت نیشان بدەن بەرامبەر بە یەكێتی، بەڵام بەداخەوە ئەو مەعلووماتەی كە پێشتریش بۆ ئێمە دەهات كە یەكێتی بە تەمایە وەخت بكوژی تاكوو هەڵبژاردنی فیدرالیی عێراق تەواو دەبێت، ئەوسا بیر لەوە بكەنەوە دێنە حكوومەت یان نا، تەبیعی ئەو هەلومەرجەی پێش ئینتیخابات، رەنگە دوای ئینتیخابات ئەو هەلومەرجە وەكوو خۆی نەمێنێت و ناشمینێت.”
ئاماژەشی بەوە دا: “هەڤاڵینە من دەمەوێ پێتان بڵێم و مەبەستیشمە ئەوەی كە دەیڵێم، ئاییندە ئومێدەوارە، ئومێدە، ئیرادەیە، بەرچاوڕوونییە، پلانە، ئەمەیە ئاییندەی كە پارتی دەیبینێت و كاری بۆ دەكات. ئومێدمان زۆرە، ئیرادەمان بەهێزە، بەرچاومان روونە و پلانی تۆكمەشمان هەیە، پارتی و حكوومەتی هەرێم، ئومێدەوارین هەموو لایەنەكانی تریش بەشدار بن لەگەڵ ئێمە، بەڵام كاروانی ئاوەدانی بەردەوام دەبێت و وەڵامی هەر كەسێكیش كە پێی ناخۆشە یان حەسادەتە، بە پرۆژە وەڵام دەدرێتەوە بە قسە نا.”
جەختیشی کردەوە: “لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسێكی بێپایان بۆ هەموو خەڵكی كوردستان بۆ ئەو خۆڕاگرییەیان كە هەندێك لە بەغدا دەیانویست بە بڕینی مووچە چۆكیان پێدا بدەن و بە حیسابی خۆیان خەڵكەكە ڕاپەڕێت و ئەم هەرێمە تێك بدەن، دەستی هەمووتان و یەك بە یەكتان ماچ دەكەم كە نەتانهێشت پیلانی ناحەزان سەربگرێت.”