پارتی لە نەینەوا سەرووی 50 هەزار دەنگی زیاد کرد

بەرپرسی مەكتەبی ڕێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە نەینەوا موژدەی سەرکەوتنی گەورەی پارتی راگەیاند و گوتی:” پارتی لە نەینەوا بووە هێزی یەكەم و، سەرووی 50 هەزار دەنگی زیاد کرد

نەوزاد هادی بەرپرسی مەكتەبی ڕێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە نەینەوا گوتی: لە سەرانسەری نەینەوا لە هەموو شارۆچكە و شارەدێكانیەوە دەنگمان پێ دراوە، بەمەش لە پێشبڕكێیەكی قورسدا توانیمان لە دووەم گەورەترین بازنەی دەنگدانی عێراق و یەكەمی نەینەوا بین.

گوتیشی، بە پێچەوانەی هەندێك لایەن كە هەوڵیان دەدا كێشە لە نێوان پێكهاتەكان دروست بكەن، پارتی بە ئامانجی بەدیهێنانی سەقامگیریی زیاتر، هەم بەردەوام كاری كردووە بۆ قووڵكردنەوەی پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكانی نەینەوا، هەم بەرنامە و گوتاری هەڵبژاردنیشی بەم ئاراستەیە بوو، بەهۆی ئەم هەڵوێستانە و هەوڵە بەردەوامەكانیشمان لە بنیاتنان و پێشخستنی نەینەوا، پارتی بووەتە جێی متمانەی گشت پێكهاتەكانی پارێزگاكە.

باسی لەوەشكرد، ئەو 190 هەزار دەنگەی لە نەینەوا بە دەستمان هێناوە، تەنیا دەنگی كورد نییە، بەڵكو دەنگی عەرەب و شەبەك و ئێزیدی و تەواوی پێكهاتەكانی تری پارێزگاكەیە.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا پارتی لەم هەڵبژاردنەدا، سەرووی 50 هەزار دەنگی بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو لە نەینەوا زیاد كردووە.

ئاماژەی بەوەش دا، ئەم متمانە زۆرەی خەڵكی نەینەوا، مایەی شانازیمانە و لە هەمان كاتدا ئەرك و بەرپرسیارێتییەكی گەورەش دەخاتە سەرشانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەرانبەر بە خەڵكی نەینەوا، بۆیە دەبینە نوێنەری راستەقینە گشت پێكهاتەكانی نەینەوا لە حكومەتی نوێی بەغدا.

هەروەها گوتی: كاری لە پێشینەمان ئەوەیە لە ڕێگەی نوێنەرانی پارتییەوە بودجەی زیاتر بۆ نەینەوا دابین بكەین، تا شوێنەواری گشت ئەو كاولكارییانەی بەسەر نەینەوادا هاتووە لە دوای ساڵی 2003ـەوە بەتایبەتیش شنگال، بە ئاوەدانكردنەوە قەرەبووی بكەینەوە.

Back to top button