
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی نوێی شانشینی ئوردن دەکات
ڕۆژی یەکشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2025 لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز (زياد البطارسة) کونسوڵی گشتیی نوێی شانشینی ئوردن کرد کە بە مەبەستی خۆناساندن سەردانی سەرۆک بارزانی کردبوو.
لە دیدارەکەدا کونسوڵی تازەی شانشینی ئوردن سڵاو و ڕێزی تایبەتی شا عەبدوڵڵا شای ئوردنی بە سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند و ئەوەشی دووپاتکردەوە کە فەرمان و ئامۆژگارییەکانی شای ئوردن هەمیشە ئەوە بووە کە پەیوندی و دۆستایەتی نێوان شانشینی ئۆردن و هەرێمی کوردستان پتەوتر و فراوانتر ببێت. کۆنسوڵی گشتیی شانشینی ئوردن پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی کرد بۆ سەرکەوتنی پارتی و بەدەستهێنانی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگی وەک بەڵگەیەکی ڕوون وسفکرد لەسەر پێگەی پارتی لەناو خەڵکی کوردستان و ئەو پێشکەوتن و ئاوەدانیەی لەسایەی پارتیدا هاتۆتە ئارا.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی شا عەبدوڵڵا و گەلی شانشینی ئوردنی کرد کە لە ڕۆژانی تەنگانەدا پشتیوانی گەلی کوردستان بوونە و شا عەبدوڵڵای وەک برا و دۆستێکی ئازیز لە قەڵەم دا. هەروەها جەختی لە قووڵترکردنی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی ئۆردن کردەوە.
پڕۆسەی سیاسیی عێراق لە دوای هەڵبژاردن و بارودۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێم تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.