
شاخەوان عەبدوڵڵا وەڵامی چەواشەکارییەکانی ئاسۆ مامەند دەداتەوە
شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە نووسینێکیدا دەڵێ:
ئەمڕۆ لە شاری کەرکووک کاک ئاسۆ مامەند بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە باسکردنی هۆکاری کەمکردنی کورسی کورد لە کەرکوک باسی لەچەند هۆکارێک کرد کە بەداخەوە وەک هەمیشە ئامانج تەنها چەواشە کردنی خەڵکی کەرکووک و شاردنەوەی راستییەکانە، بۆ راستکردنەوەی ئەم بابەتە خاڵ بەخاڵ وەڵامتان دەدەمەوە:
یەکەم: کاک ئاسۆ لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە دەڵێت یەکێک لە هۆکارەکانی کەمکردنی کورسی کورد و پارتی لە کەرکووک ئەوەیە پارتی دەنگی بە کۆتای مەسیحی داوە، منیش لێرەوە تەحەدات دەکەم و بەرپرسی ئۆفیسی کەرکووکی کۆمسیون لە حزبەکەی خۆتە و سەرۆکی کۆمسیونی عیراقیش بەهەمان شێوە لە یەکێتین، فەرموو شریتی دەنگدەرانی کەرکووک بڵاو بکەنەوە بزانم کام دەنگدەری کەرکووک دەنگی بە کۆتای مەسیحی داوە، وە ئەگەر پارتییەکانی کەرکوک دەنگیان بە کۆتای مەسیحی بدایا، دەبوو دەنگی پارتی کەم بکات، نەک زیاد بکات بە نزیکەی ١٠ هەزار دەنگ.
دەشڵێ: خۆ ئەگەر پارتیش لە شوێنێکی ترەوە و بەدەنگی دهۆک یان هەولێر یان هەرجێگایەک دەنگی بە کۆتای مەسیحی دابێت، ئەوە من سەدجار سوپاسی پارتی دەکەم چونکە کورسی کۆتای مەسیحی لەژێر دەستی رەیان کلدانی دژەکورد دەرهێنا و دژەکوردێک لەناو پەرلەمان کەم دەبێتەوە، وابزانم هۆکاری نیگەرانییەکانی جەنابیشت ئەوەیە کە رەیان شکستی هێناوە نەک ئەوەی کورسیی کورد کەمی کردبێت.
دووەم: کاک ئاسۆ باسی ئەوە دەکات گوایە یەکێکی تر لە هۆکاری نەهاتنەوەی خەڵک بۆ کەرکووک دروستکردنی ئەو قەرەباڵغیەیە کە لەسەر رێگای هەولیر دروست بووە، راستە لەوێ چەند کاژمێریک قەرەباڵغی دروست بوو، بەڵام دواجار خەڵک هات و رێژەیەکی کەم گەڕایەوە، بەڵام خۆ خەتی چەمچەماڵ و سلێمانی دانەخرابوو، فەرموو ئاماری گەڕاوەکانی ئەو سنوورە بخەنە ڕوو، بزانە چەند هەزار نەهاتووەتەوە، ئەوکات بۆت دەردەکەوێت هۆکارەکە شتێکی ترە نەک قەرەباڵغی.
ئاماژەى بەوەش داوە: هۆکاری سەرەکیی نەگەڕانەوەی خەڵک بە ڕێژەیەکی زۆر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ماوەی ٤ مانگە ڕەزامەندیمان هێناوە لە بەغداوە زەوی دابەش بکرێت بەسەر ئەو خێزانانەی مادەی ١٤٠ یان کردووە و ٨٠٪ ی ئەو خەڵکەش ئەوانەن کە لە هەولێرو سلێمانین و لەسەردەمی بەعس تەرحیل کراون، بەڵام یەک پارچە زەویتان دابەش نەکرد، ئەوە ئەگەر پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون بوایە، دەجار ئیفرازاتان دەکرد و تەسلیمی وەبەرهێنەرەکەتان دەکرد چونکە سوودی بۆ خۆتان هەبوو.
سێیەم: لە کاتی بانگەشە میدیاکانی ئێوە و بەتایبەتیش ئەوانەی سۆشیال میدیا کە مانگانەکەیان بەشەخسی لەلایەن جەنابتەوە پێیان دەدرێت، ئەوەندەی خەریکی شکاندنی پارتی و کاندیدەکانی پارتی بوون، نیو ئەوەندە خەریکی هۆشیارکردنەوەی خەڵک بوونایا و کاریان لەسەر مەترسیی بەشدارینەکردنی کورد بکردبا، دڵنیام خەڵک بەپیادەش رووی لە کەرکووک دەکرد، بەتایبەتی ئەو هەموو پارەی لە دژایەتیی پارتی و بەتایبەتی من سەرف کرا لە سۆشیال میدیا و بەکرێگرتنی قەڵەمفرۆش بۆ ئەوەی دەرنەچین لە خەڵکە ڕەشوڕوتەکەی خۆتان سەرفتان بکردایا کورسییەکی ترتان زیادی دەکرد.
چوارەم: فەرموو جەنابت وەڵامی دەنگدەری کەرکووک بدەوە بزانم خێرە حزبەکەی حەلبوسی واتە تەقەدوم لە داخستنی وێستگەکان تا رۆژی دواتر بە قودرەتی قادر دەنگەکانیان بە ڕێژەی زیاتر لە ٢٠ بیست هەزار دەنگ لە سنووری حەویجە زیادی کرد و ئەویش بووە هۆی ئەوەی ئەوان ببنە سێ کورسی لەسەر حسابی کورسی دووەمی پارتی.
پێنجەم: خەڵکی بەشەرەفی کەرکووک و دەوروبەری دڵنیا دەکەمەوە پشتیوان بەخودای گەورە، بەتەنهاش بین لەناو پەرلەمان ناهێڵین هیچ بڕیارێک لەدژی ئێوە لە پەرلەمان دەربچیت و بەنەفەسی سێ ساڵی ڕابردوو کار دەکەین بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە و جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی لە خولی پێنجەم دەرچوون لە گەڕانەوەی زەوییەکان و یاساکانی تری ئەم خولە.