
مەکتەبی سیاسی پارتی : دەستوەردان و گۆڕینی ئاکامەکانی ھەڵبژاردن قبوڵکراو نییە
لە راگەیاندراوێکدا مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، لێرە و لەوێ گوێبیست دەبین کە ھەواڵێک ھەیە بۆ دەستوەردان لە ئاکامی ھەڵبژاردن، ئێمە لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنین، کە بەھیچ شێوەیەک دەستوەردان و گۆڕینی ئاکامەکانی ھەڵبژاردن بە گشتی و کۆتاکان بەتایبەتی قبوڵکراو نییە
دەقی راگەیاندراوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان:
ھاووڵاتیانی بەڕێز…
ھەروەکو ئاگادارن پرۆسەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ لە رێکەوتی (11ـی11ـی 2025) لە کەش و ھەوایەکی دیموکراسیانە و ئازادانە و بە ڕێکوپێکی و شەفافانە ئەنجامدرا و، لیست و قەوارە سیاسییەکان و کاندیدی کۆتاکان بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان و ڕێنماییەکان بەشدارییان کرد. کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان دوای ئەنجامدانی ڕێکارە یاساییەکان ئەنجامی کۆتایی بەشێوەیەکی فەرمی ڕاگەیاند.
ئێستاش لێرە و لەوێ گوێبیست دەبین کە ھەواڵێک ھەیە بۆ دەستوەردان لە ئاکامی ھەڵبژارد، بەتایبەتی کۆتاکان و گۆڕینی ئاکام و ئەنجامەکان! ئێمە لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنین، کە بەھیچ شێوەیەک دەستوەردان و گۆڕینی ئاکامەکانی ھەڵبژاردن بە گشتی و کۆتاکان بەتایبەتی قبوڵکراو نییە و، بە ھێڵی سووری دادەنێین. لە ئەگەری دەستوەردان و گۆڕانکاری لە ئەنجامە ڕاگەیاندراوەکان لەلایەن کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان ھەڵوێستی سیاسی جدیمان دەبێت.
مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
18 ی 11 ی 2025