
گەڕەكە دێرینەكانی سەنتەری هەولێر دەكرێنە مۆزەخانەی زیندوو
گەڕەکە کۆن و مێژوویییەكانی هەولێر نۆژەن دەكرێنەوە، و دەكرێنە رووگەیەكی گرنگی كولتووری و گەشتیاری، بۆ ئەم مەبەستەش پارێزگای هەولێر بە راسپاردەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، نەخشەڕێگەیەكی بۆ نوێكردنەوەی ئەو گەڕەكانە ئامادەكردووە.
مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بەهۆی فراوانی رووبەری ئەم گەڕەکانە، ناتواندرێت بە یەک جار دەست بەنۆژەنکردنەوەیان هەرسێ گەڕەك بکرێت. بۆیە؛ یەکەمین هەنگاوی پڕۆژەکە لە گەڕەکی عارەبان، و بەدیاریكراوی كۆڵانێكی درێژی ئەو گەڕەكە دەبێت بەناوی ‘پاڵوود ئێریا’، كە هەڵکەوتەی جوگرافی كۆڵانەكە یارمەتیدەرە بۆ دەستپێكردنی پرۆژەكە كە كەوتووەتە بەرامبەر تەلاری پارێزگای هەولێر، دواتر پڕۆژەکە بەشێوەی قۆناغ بەقۆناغ درێژ دەبێتەوە بۆ گەڕەکەکانی دیکە.
مەسعود كاڕەش روونیشی كردەوە، بەوپێیەی نۆژەن كردنەوەی شوێنەوارە مێژووییەكان دەبێت بە هەستیارییەوە جێبەجێ بكرێت و پێویستی بە كەرەستە و ئامێری تایبەت هەیە هاوشێوەی نۆژەنكردنەوەی بازاڕی قەیسەری، بۆیە كاتی دەستپێكی پرۆژەكە دیاری نەكراوە، بەڵام لە ئاییندەیەكی نزیكدا دەستپێدەكات.
نەخشەڕێگەی نوێکردنەوەی كۆڵانەكانی ئەو ناوچانە ئامادە کراوە، و نۆژەنكردنەوەی خانووەكانیش بەشێوازێكی هەڕەمەكی نابێت، بەڵكو دۆخی كولتوری و تەلارسازیی مێژوویی زۆنی دێرینی هەولێر لەبەرچاو دەگیرێت بەشێوەیەک كە ناسنامە ڕەسەنە مێژوویییەکەیان بپارێزرێت.
ئامانجی پرۆژەكە، گۆڕینی سەنتەری هەولێرە بۆ ناوچەیەكی مێژوویی، كولتوری و گەشتیاری بۆ لەخۆگرتنی چالاكی جۆراوجۆری هونەری و كەلەپوری كە چەندین خانووی شوێنەواری، كتێبخانە و پرۆژەی گەشتوگوزاری لەخۆدەگرێت و زۆنی دێرینی هەولێر دەبێتە مۆزەخانەیەكی زیندووی گرنگ لە هەرێمی كوردستان و عێراق و تەنانەت ناوچەكەش.