
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم: بەغدا ناوی ئەنجامدەرانی هێرشەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی لایە و بێدەنگە
لە راگەیاندراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوا دەکات حکومەتی فیدراڵ، ئەرکە دەستووری و یاسایی و ئەمنییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و ڕێکاری خێرا لە بەرانبەر تاوانباران و ئەوانەی لە پشتیانەوەن بگرێتەبەر.
لە راگەیاندراوەکە کە لەسەر هێرشەکەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر بڵاویکردەوە و تێدا هاتووە: لە نێوان 15ـی حوزەیرانی 2025 و 25ی تەمموزی 2025 دا، کێڵگە نەوتییەکان و دامەزراوە نەوتییەکان، لەگەڵ چەندین دامەزراوەی گرنگ لە هەرێمی کوردستان، دووچاری هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوون و بەهۆیەوە زیانی ماددی و ئابووریی بەرچاویان پێگەیشتووە.
وەزارەتەکە دەشڵێ، بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێرشە مەترسیدارانە و دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرەکان و بە سزا گەیاندنیان، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی دەرکرد، بە سەرۆکایەتیی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بە ئەندامیەتی دەزگا ئەمنی و هەواڵگری و سەربازییەکانی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان.
هەروەها لیژنە هاوبەشەکە دەستی بە کارەکانی کرد و لە 28ـی تەمموزی 2025 سەردانی هەرێمی کوردستان کرد و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی مەیدانیان کرد و پشکنینی تەکنیکیان بۆ شوێنە پەلاماردراوەکان کرد، بە پشتبەستن بە ئەنجامی پشکنینی تەکنیکی پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە لەم هێرشانەدا بەکارهێنراون، دەرکەوت کە ڕێڕەوی هەڵدانیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزە فیدراڵییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، کە هاوسنووری هەرێمی کوردستانە.
هەروەها دەزگا ئەمنیی و هەواڵگرییەکانی هەرێم دانپێدانانی یاسایی بەڵگەداری ئەو کەسانەیان خستەڕوو کە ئاشکرا دەبێ سەر بە کام رێکخستنن.
وەزارەتی ناوخۆ لە ڕاگەیاندراوەکەی دا باسی لەوە کردووە، لەگەڵ تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە، کە بە بڕیارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێکهێنرا، لە بارەگای ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆبووەوە و ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی داڕشت، ڕادەستی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کرا بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر لایەن و کەسانی تێوەگلاو لە هێرشەکان.
بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر پێشکەشکردنی ڕاپۆرتەکەدا، حکومەتی فیدراڵی هیچ ڕێوشوێنێکی یاسایی و ئەمنی بەرامبەر بە تاوانباران نەگرتۆتەتەبەر.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، لەبەر ڕۆشنایی ئەم ڕاستییانە، بۆ ڕای گشتی ڕووندەکەینەوە لە ڕاپۆرتی کۆتاییدا، کە ئێستا لە بەردەستی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵە، بە ڕوونی ئەو لایەنانەی بەرپرسن لە هێرشە تیرۆریستییەکان، دەستنیشان دەکات، کە لە ڕێگەی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە زیانی بەرچاو و مەترسیداریان بە ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان گەیاندووە. ڕاپۆرتەکە چەندین ڕاسپاردەی لەخۆ گرتووە، دیارترینیان ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی بوو بۆ تاوتوێکردنی ڕاپۆرتەکە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی پێویست لەدژی لایەنی بەرپرسیار. بەڵام تا ئێستا هیچ کام لەم ڕاسپاردانە جێبەجێ نەکراون.
هاوکات ئەمەش هاتووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوا دەکات حکومەتی فیدراڵ، ئەرکە دەستووری و یاسایی و ئەمنییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و رێکاری خێرا لە بەرانبەر تاوانباران و ئەوانەی لە پشتیانەوەن بگرێتەبەر، بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی ئەو جۆرە کردەوە و دەستدرێژییانە، کە هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتیی دەکەن، دووبارە نابنەوە.
وەزارەتی ناوخۆ، راشیگەیاندووە، هەرێمی کوردستان جەخت لە بەردەوامبوونی بێهەڵوێستی بەرامبەر ئەو کەسانەی تێوەگلاون، پێشێلکردنی بەرپرسیارێتی دەستووری و ئەمنییە و ئەم کەمتەرخەمییە تەنیا هانی ئەو ڕێکخراوانە دەدات بۆ درێژەدان بە کردەوەکانیان.
هەروەها هێرشەکەی دوێنێ شەو بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەرئەنجامی راستەوخۆی نەبوونی ڕێوشوێنی توندە بەرانبەر بە ئەنجامدەرانی هێرشەکانی پێشوو. بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابوورییەکانی، لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا.