بڕیاری نوێ بۆ ئۆتۆمبێلی حکومی دەرچوو

چەند بڕیارێك بۆ ئۆتۆمبێلی میری و ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزاری دەردەکرێت و هۆشدارییش بەو فەرمانبەرانە دەدرێت، كە بە نایاسایی دوای دەوام ئۆتۆمبێلی حكومی بەكار دەهێنن.

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە نووسراوێکدا رایگەیاند:” نابێت ئۆتۆمبێلی میری جگە لە ژمارەی میری هیچ ژمارەیەكی دیكە لێ بدات، تەنیا ئەگەر بە بڕیار ئۆتۆمبێلەكە ژمارەی شارستانی پێ درابێ، بەدەر لەوە ئۆتۆمبێلەكە دەستی بەسەردا دەگیرێت و رووبەڕووی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.”

هۆشداری دراوە : “ئەوەی ئەو كارە بكات، ئەوا ئۆتۆمبێلەكەی رادەستی پۆلیسی هاتووچۆ دەكرێت و بۆ دادگا دەنێردرێت و فەرمانگەكەیشی لێ ئاگادار دەكرێتەوە.“

وەزارەتی ناوخۆ ئەوەشی خستووەتە ڕوو: “ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزاری ئەگەر ئەو ئۆتۆمبێلەی لەگەڵی بوو بەبێ فەرمانی شاندكردن، دەبێت لە لایەن بازگەكان رێگەی پێ نەدرێت لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە لە رێگەی بازگەكان هاتووچۆ بكات.”

وەزارەتی ناوخۆ باسی لەوەش كردووە، كە باجی رێگەپێدانی بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی میری دوای دەوام بە هەموو ئۆتۆمبێلێك نادرێت، تەنیا ئەو ئۆتۆمبێلانە نەبێت، كە بۆ كاری پێویستی فەرمانگە و وەزارەتەكانن، ئەوەش هاتووە: “فۆڕمی تایبەت هەیە بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەدوای دەوام پێویستن بۆ بەكارهێنان، دەبێت رەزامەندیی هەبێت و وێنەی شۆفێری لەسەر بێت و هۆكار بەكارهێنانی بە ڕوونی دیار بكرێت.”

بەپێی نووسراوەكە، ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزاری دەبێت لەدوای كۆتاییهاتنی ئەركی فەرمی لە گۆڕەپانی فەرمانگە، یان هەر فەرمانگەیەكی حكومی نزیك شوێنی نیشتەجێبوونی شۆفێرەكە رابگیرێت، ئەویش بەپێی تۆمارێكی تایبەت.

 

Back to top button