لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر وەڵامی مەڵبەندی سێی یەکێتی دەداتەوە

لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە پەیامەکانی مەڵبەندی سێی یەکێتی لە هەولێر بڵاوکردووەتەوە و دووپاتی دەکاتەوە و دڵنیایی دەدات لەوەی، بە تەواوی پشتگیری سەروەری یاسا و رەچاوکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ دەکەن.

ئەمڕۆ هەینی 5ی کانوونی یەکەمی 2025، لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە پەیامەکانی مەڵبەندی سێی یەکێتی لە هەولێر بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت:مەڵبەندی سێی یەکێتی بە شێوەیەکی زۆر هەڕەمەکی دەستی بە ریزکردنی کۆمەڵێک رستەی بێناوەرۆک کردووە، دەڵێت: دەمانەوێت دڵنیایان بکەینەوە کە بەتەواوی پشتگیری سەروەری یاسا و رەچاوکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ دەکەین، هەموو ئەو کەسانەی کە تۆمەتبارن، تەنیا لە رێگای یاساوە چارەنووسی تۆمەتەکانیان دیاری دەکرێت و رێگا لە بەردەم هەر لیژنەیەکی نێودەوڵەتی(نوێنەرایەتی وڵاتان، کونسوڵخانەکان، نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ) کراوەیە بۆ بەشداریکردن لە لێکۆڵینەوەکاندا.

پرسیاریش دەکات و دەڵێت: ئایا ئێوەش پابەندن بەم پرەنسیپانە و بڕواتان بە ئەوە هەیە کە باسی دەکەن؟
لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر لە روونکردنەوەکەدا دەڵێت: ئێوە بەبێ گەڕانەوە بۆ دام دەزگا فەرمییەکان و وەرگرتنی مۆڵەتی پێشوەخت، هەڵکوتانە سەر هوتێل و کوشتنی خەڵک و گرتنی سەرکردە سیاسیەکان و لێدانی هاوڵاتیانتان کردووەتە نەریت.

دەڵێت: هاوکار جاف تیرۆر کرا و بەڵگەی پێویست خرانە بەردەم دەسەڵاتی دادوەری، بەڵام بە پێچەوانەوە ئێوە داڵدەی بکەرانی ئەو کەیسەی تیرۆرکردنتان دا و جورئەتی ڕادەست کردنیان ناکەن بۆ ئەوەی ڕاستی تێوەگلانی بەرپرسەکانتان بشارنەوە.

لە ڕوونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بە بێ وەرگرتنی مۆڵەت، تانک، زرێپۆش، درۆن و چەکی قورستان بەکارهێنا و هێرشتان کردە هوتێل لالەزار، لەو هێرشەتاندا، لە ناو جەرگەی شار چەندین هاوڵاتی بوونە قوربانی، ماڵی هاوڵاتیان و هونەرمەندانتان تێکدا بە بێ ئەوەی رەچاوی مافی مرۆڤ و یاساکان بکەن.

دەڵێت: لەبارەی تۆمەتبارانی ئاژاوەگێڕییەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە قەزای خەبات، ئەو کەسانەی کە دەستگیر کراون وەکو تۆمەتبار مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، ئەگەر ئێوە خۆتان بە هاوبەش لە کردەوەکانیان دەزانن، ئەوە جێگای نائومێدییە، هەروەها ئەگەر تێوەنەگلاون، دەبێت سوپاسگوزار بن و بە جێ بەجێ کردنی یاسا شەپرزە نەبن.

Back to top button