ئومێد خۆشناو: دەستی دەرەکی و میدیای یەکێتی هۆکاری ئاڵۆزییەکان بوون
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی لیژنەی ئەمنی پارێزگا، رایگەیاند: دۆخی ئەمنی شاری هەولێر و بەتایبەت گوندی لاجان و قەزای خەبات بە تەواوی ئارامە و لەژێر کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکاندایە و دەشڵێت، “ئەوەی ڕوویدا پیلانێکی داڕێژراو بوو بۆ تێکدانی سەقامگیری هەولێر.”
پارێزگاری هەولێر ئاشکرای کرد، ژمارەیەک لەو کەسانەی دەستیان لە ئاژاوەگێڕییەکاندا هەبووە بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکراون. گوتیشی: پێنج کەس لەوانەی خەڵکی گوندی لاجان بوون، دوای گفتوگۆ لەگەڵ کەسایەتییەکانی ناوچەکە، خۆیان رادەستی یاسا کردووە، ناوبراو رەتیشیکردەوە کە دەسەڵاتی هەولێر دەسەڵاتێکی پۆلیسی بێت، بەڵکو جەختی کردەوە، هەموو رێکارەکان لە چوارچێوەی یاسادا بوون.
ئومێد خۆشناو وتیشی، “بەداخەوە دەزگا فەرمییەکانی ڕاگەیاندنی یەکێتی ڕۆڵێکی خراپیان بینی و وەک هێزێکی دوژمنکار مامەڵەیان کرد،هەروەها ئاماژەی بەوەدا، بەرپرسی یەکەمی یەکێتی لە قەزای خەبات بەشداربووە لە ئاڵۆزییەکان و بەڵگەی ڤیدیۆییان لەبەردەستە.”
جەختیشیکردەوە، “ئەم ئاژاوەیە بە پاڵپشتی میلیشیاکانی عێراق و دەستی دەرەکی ئەنجامدراوە بۆ تێکدانی ئەمنیەتی هەرێم.”
سەبارەت بە رووداوەکانی گوندی لاجان، پارێزگاری هەولێر ڕوونی کردەوە، ئەو پاڵاوگەیەی سووتێنرا سامانێکی نیشتمانی بوو، نزیکەی 70 کەس لە خەڵکی گوندەکە کاریان تێدا دەکرد، ئاماژەی بەوەدا، لە ئەنجامی پەلامارەکاندا شۆفێرێکی بێتاوان شەهید بووە و زیان بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان گەیشتووە.
ئومێد خۆشناو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە حکومەت خزمەتگوزاری بۆ گوندەکە نەکردبێت و لیستێکی لە پڕۆژەکانی ئاو، قوتابخانە و بنکەی تەندروستی خستەڕوو کە بۆ گوندەکە ئەنجام دراون.
لە وەڵامی ئەو تۆمەتانەی باس لە شێوازی لێکۆڵینەوە و دادگایی دەکەن، ئومێد خۆشناو رایگەیاند: دەرگامان واڵایە بۆ نێردە دیپلۆماسییەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بۆ ئەوەی بێن و لێکۆڵینەوە بکەن و دڵنیاببنەوە کە رێکارەکان یاسایین.