
سەرۆك بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی نوێی هەنگاریا لە هەولێر دەکات
رۆژی چوارشەممە 10ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز گریگێی تیڤادار تاکاچ، کونسوڵی گشتی نوێی هەنگاریا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا، کونسوڵی گشتی هەنگاریا خۆشحاڵی خۆی بە دیداری سەرۆك بارزانی نیشاندا و رایگەیاند کە شارەزاییەکی باشی لەسەر مێژوو و کولتوور و سیاسەتی ئێستا و رابردووی کورد و کوردستان هەیە بەو پێیەی ماستەرنامەی لەسەر کوردستان نووسیوە، سوپاسی رۆل و هەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی کرد لە هەموو ئەو هەوڵانەی کە هەیانبووە لەپێناو ئاشتی و ئارامی ناوچەکە بە گشتی. هەروەها پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن و سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە سەرۆک بارزانی کرد.
هەر لەو دیدارەدا هەنگاوی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی فیدراڵی و پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێکران.
پەیوەست بە پەیوەندییەکانی نێوان هەنگاریا و هەرێمی کوردستان هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەرەوپێشبردن و باشترکردنی پەیوەندی دوولایەنە لە هەموو بوارەکاندا بە تایبەت لە بواری ئابووری و بازرگانی.
گۆڕانکاری و بارودۆخی ناوچەکە بە گشتی و هەنگاوەکانی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و دۆخی سووریا تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارە بوون.