
لەسنورهكانى سلێمانی و گەرمیان و کەرکووک زیانی گیانی و مادی زۆر کەوتوەتەوەو چهندین پرد و رێگەی ستراتیژی داڕماون
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان (JCC) دوایین ئاماری فەرمی زیانەکانی شەپۆلی بەهێزی بارانبارینی رۆژانی 8و 9ی کانوونی یەکەمی 2025ی بڵاوکردەوە، بەگوێرەی ئامارەکە، لەسنووری سلێمانی و گەرمیان و کەرکووک زیانی گیانی و ماددی زۆر کەوتووەتەوە و پردی ستراتیژی و رێگەی سەرەکی داڕماون.
سلێمانیو چەمچەماڵ؛ زۆرترین زیانیان بەرکەوتوە
بەگوێرەی راپۆرتەکە، رۆژی سێشەممە بارانێکی بەلێزمە پارێزگای سلێمانی گرتوەتەوە و بڕی دابارین گەیشتووەتە (122.7) ملم، ئەمەش بووەتە هۆی ژێرئاوکەوتنی چەندین ماڵو قوتابخانە لەگەڕەکی راپەڕین.
دۆخەکە لەقەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی تەکیە و شۆڕش سەختتر بووە، بەجۆرێک لەتەکیە (173.5) ملم باران باریوە، زیانەکان بەمشێوەیەن:
• دووکەس گیانیانلەدەستداوە و 12 کەسیش بریندارن، کەسێکیش بێسەروشوێنە.
• 500 ماڵ لەچەمچەماڵ و ژمارەیەک ماڵ لەبازیان و سلێمانی زیانیان بەرکەوتووە.
• دەیان ئۆتۆمبێل، 100 دوکان و کۆگا، پێنج فەرمانگەی حکومیو کتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ و نەخۆشخانەی شەهید غەریب هەڵەدنی ئاویان تێچووە.
• رێگە سەرەکییەکانی (سلێمانی ـ چەمچەماڵ)و (کەرکووک ـ چەمچەماڵ) داخراون.
• تۆڕەکانی کارەبا و ئینتەرنێت پچڕاون.
گەرمیان؛ لافاو رێگەکان و پڕۆژە ئاوییەکانی وێرانکردووە
لەئیدارەی گەرمیان، بارانبارینی دوای نیوەڕۆی سێشەممە (76.6) ملم بوەتە هۆی لافاوێکی گەورە لەکەلار و رزگاری.
• رێگەی سەرەکی نێوان کەلار ـ رزگاری و رێگەکانی دەرەوەی گەرمیان داخراون.
• بەشێکی پڕۆژەی ئاودێری سەلام (شادەماری ژیانی گەرمیان) لەهەوارە سوورە بەتەواوی ئاو بردوویەتی.
• پردی نێوان کفری و رزگاری لەناحیەی سەرقەڵا رووخاوە.
• زیان بەپڕۆژەکانی ماسی، خانووی پلاستیکی، مەڕوماڵات و سندوقی هەنگ کەوتووە.
کەرکوک؛ پردی داقوق داڕماو هاتوچۆی بەغدا پچڕا
لەپارێزگای کەرکووک زیانەکان کاریگەرن:
• پردێکی ستراتیژی لەقەزای داقوق داڕماوە، بەمەش هاتووچۆی نێوان کەرکووک و بەغدا پچڕاوە.
• منداڵێکی تەمەن حهوت ساڵ لەگوندی فرقانی خنکاوە.
• لەگوندی بەیانلوو پردێک ئاو بردوویەتی و رێگەی کەرکووک ـ لەیلان داخراوە.
هەولێر؛ برینداربوونی پێشمەرگە و راگرتنی پڕۆژەکانی ئاو
لەهەولێر زیانەکان کەمتربوون، بەڵام کاریگەرییان هەبوە:
• بەهۆی هەورەبروسکەوە شهش پێشمەرگە لەسنوری بالیسان برینداربون.
• لەگوندی قەریتاغ ئاو چووەتە ناو شهش ماڵەوە.
• بەهۆی لێڵبونی ئاوەوە، پڕۆژەکانی ئاو لەسەر زێی گەورە بۆ ماوەی 24 بۆ 48 کاتژمێر راگیراون و داوا لەهاووڵاتییان کراوە دەست بەئاوەوە بگرن.
هەڵەبجە، راپەڕین، سۆران و دهۆک
هەڵەبجە: بڕی 92.5 ملم باران باریوە، دهوام راگیراوه و ئاستی ئاوی سیروانیش بەرزبوەتەوە.
راپەڕین: ئاستی ئاوی زێی بچووک بەرزبوەتەوە و سێ ماڵ لەحاجی ئاوا زیانیان بەرکەوتووە، دەروازەی کێلێ بەهۆی بەفرەوە داخراوە.
سۆران: بەفرێکی زۆر لەناوچە شاخاوییەکان باریوە، لەسیدەکانو چۆمان بەهۆی داڕمانی زەوی و بەردەوە، زیان بەچەند خانوویەک گەیشتووە.
دهۆکو زاخۆ: بارانبارین مامناوەند بووە، تەنها لەزاخۆ ئاستی ئاوی خابور بەرزبوەتەوە و لەگوندی کانی رەهال رێگەیەک رۆچووە.
ناوەندی JCC جهختیكردوهتهوه، تیمەکانی فریاگوزاری، لەسەرجەم ناوچەکان، بۆ بەهاناوەچونی هاووڵاتییان، لەئامادەباشیدان.
#Xwakurk #خواکوڕک