
هەشت بڕیار لە وەزیری پەروەردەوە
ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دوای سەردانە مەیدانیەکەی ئەمڕۆی بۆ چەمچەماڵ چەند بڕیارێكی دەركرد.
دەقی بڕیارەكان بەمشێوەیە یە:
یەکەم: ئەو تیمە ئەندازیارییەی كە ناردبوومان بۆ ئامادەسازكردنی دەرخستەی ئەندازیاری نۆژەنكردنەوەی ئەو قوتابخانانەی زیانیان بەركەوتووە، هەر لە كۆبوونەوە بریارماندا كە ڕۆژی یەكشەممە بڕی پارەی پێویست بنێرین بۆ سلێمانی بە گوێرەی دەرخستەی ئەندازیارەكان لە ڕۆژی یەكشەممەوە نۆژەنكردنەوە دەستپێبكات ، كە جەنابی سەرۆكوەزیران پاڵپشتی دارایی دابینكردووە.
دووەم: بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی و بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ مان راسپارد تا رۆژی یەكشەممە لیستی ئەو كەلوپەلانەی ئەو ناوەندانەی خوێندن ئامادەبكەن كە لافاو زیانی لێداون و توانای بەكارهێنانیان نەماوە ، هەر لە كۆبوونەوە بڕیارماندا بڕی پارەی پێویستی ئەو كەل وپەلانە لە ڕۆژی یەكشەممەوە بخەینە بەردەست بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی و بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ، كە جەنابی سەرۆكوەزیران پاڵپشتی دارایی دابینكردووە.
سێیەم: لەگەڵ دكتۆرە یارا بەرزنجی و تیمی ( كوردستان فاوندەیشن ) لە دیوانی پەروەردەی چەمچەماڵ كۆبوونەمان ئەنجامدا و بڕیاریان داوە كە دوو قوتابخانە بەتەواوی نۆژەن بكەنەوە و پێداویسیتیەكانیان دابین بكەنەوە.
چوارەم: ئەو قوتابیانەی كە پەرتووكیان فەوتاوە لە قوتابخانە و لە ماڵیشەوە ، بە زووترین كات بەڕێوەبەری گشتیی دیوان و بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانیمان راسپارد لە هەفتەی داهاتوو كتێبی نوێ بگەیەننە چەمچەماڵ و لەگەڵ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن بدرێتەوە ئەو قوتابیانەی كتێبەكانیان فەوتاوە.
پێنجەم: وایت بۆرد و ژمارەیەك پێداویستی دیكەی خوێندن لە هەفتەی داهاتووەوە دەنێرینە چەمچەماڵ.
شەشەم: بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ مان راسپارد كە لە رۆژی شەممەوە كۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری ناوەندەكانی خوێندنی سنووری پەروەردەی چەمچەماڵ بكات ، ئەو قوتابخانانەی نۆژەن دەكرێنەوە دەوام ڕادەگیرێت و ئەو قوتابخانانەی توانای دەوام كردنیان هەیە و ئاستەنگ لەبەردەم هاتووچۆی قوتابیان نیە دەتوانن بە مشوورەت بڕیاری گونجاوی خۆیان بدەن.
حەوتەم: تاقیكردنەوەكانی كۆتایی وەرز دواخراوە بۆ مانگی یەك و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئەزموونەكان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی هەماهەنگی بكەن بۆ وەرگرتنی بڕیاری پێویست لەسەر دانانی میكانیزمەكان.
هەشتەم: وێرای سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی ماندووبون لە پاراستنی گیانی قوتابیان ، هەموو مامۆستایانی سنووری پەروەردەی چەمچەماڵ سوپاس دەكرێن.