پڕۆژەی سیتی پاس لە هەولێر جێبەجێ دەكرێت

خواكوڕك

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئاشكرای دەكات، لەلایه‌ن كۆمپانیایەكی ئیتاڵییەوە دیزاینی پرۆژەی هێلی گواستنەوەی (سیتی پاس) بۆ ناو شاری هەولێر تەواو كراوە و بۆ كەوتنە بواری جێبەجێكردنیەوە، چاوەڕێی بودجە دەكەن.

“محەمەد عومەر كانی” لە نووسینكەی ڕاگەیاندنی وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند ” پڕۆژەی هێڵی گواستنەوەی سیتی پاس بۆ ناوشاری هەولێر لە ئێستادا نەخشەو دیزاینەكەی لەلایەن كۆمپانیایەكی ئیتاڵییەوە تەواو كراوە و بەپێی پرۆژەكە 70% گواستنەوەی شاری هەولێر دەگرێتەوە”.

وتیشی” لەئێستادا وەزارەت سەرقاڵی دیاریكردنی ترافیكەكان و چاككردنەوەی شێوازەكەیەتی، چونكە بەپێی پرۆژەكە كاتێك پاسێك دەگاتە خاڵی وەستان، كە ترافیكە بەم شێوەیەی ئێستا تووشی وەستان دەبێت، بەڵام دەبێت وەستانی نەبێت بۆ ئەوەی هەر كەس و هاووڵاتیەك بە كات و خولەكی دیاری كراو بگاتە ئەو شوێنەی كە دەیەوێت و دیاری كراوە”.

باسی ئەوەشی كرد كە پرۆژەی سیتی پاس پێنج هێڵە و هەموو ناو شاری هەولێر دەگرێتەوە، كە بەم شێوەیەیە:
هێڵی سوور : لە فرۆكەخانەی هەولێر دەست پێ دەكات تاوەكو ناوچەی رۆشنبیری.
هێڵی سەوز : لە كەسنەزانەوە دەست پێ دەكات تاوەكو نەخۆشخانەی رۆژئاوا.
هێڵی شین : لەشۆرش – دەواجنەوە دەست پێ دەكات تاوەكو گۆرستانی قیر.
هێلی زەرد : لە شەقامی بنەسڵاوە دەست پێ دەكات تاوەكو شەقامی مووسڵ.
هێڵی قاوەیی : هەموو شەقامی 100 مەتری دەگرێتەوە.

هێمای بۆ ئەوەشكرد، دوای تەواوبوونی وردەكارییەكانی، چاوەڕێ دەكەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان بودجەی بۆ تەرخان بكات، دواتر بەپێی چەند مەرج و ڕێنماییەك جێبەجێكردنەكەی دەدرێتە كەرتی تایبەت.

Back to top button