
ئەشواق جاف: دەرگای گفتوگۆمان لەگەڵ یەکێتی دانەخستووە، بەڵام سەردەمی موجامەلە بەسەرچوو
د. ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، حزبەکەی دەرگای گفتوگۆی لەگەڵ یەکێتی دانەخستووە، بەڵام جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پێکهێنانی کابینەی نوێ دەبێت لەسەر بنەمای “ئیستحقاقی هەڵبژاردن” بێت و رەتیشی کردەوە هەردوو پرسی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و بەغدا لە یەک پاکێجدا تێکەڵ بکرێن.
د. ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی رایگەیاند، پارتی لە دوای هەڵبژاردنەکانەوە هەوڵی حکومەتێکی بنکەفراوانی داوە، بەڵام دواتر هەندێک لایەن بڕیاریانداوە وەک ئۆپۆزسیۆن بمێننەوە، سەبارەت بە هۆکاری رێکنەکەوتنیان لەگەڵ یەکێتی، ئاماژەی بەوە کرد، سەرەتا لەسەر کارنامەی حکومەت لێکتێگەیشتن هەبووە، بەڵام لەکاتی گفتوگۆکردن لەسەر پۆستەکان یەکێتی پاشەکشەی لە هەڵوێستەکانی کردووە.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی هۆکاری ئەو پاشەکشەیەی بۆ “پێشبینییەکی هەڵە” گەڕاندەوە، کە هەندێک لایەنی عێراقی و یەکێتیش وایان دەزانی پارتی لە هەڵبژاردنەکاندا شکست دەهێنێت، بەڵام ئەنجامەکان پێچەوانەکەیان سەلماند و پارتی وەک هێزی یەکەم مایەوە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەشواق جاف رایگەیاند، “ئەولەویەتی پارتی چارەسەرکردنی دۆخی ناوخۆی هەرێم و کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتە، بۆ ئەوەی دواتر هەموو لایەنە کوردستانییەکان بە یەکدەنگی و بە وەرەقەیەکی هاوبەش بچنە بەغدا بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکان.”
لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، بەرپرسەکەی پارتی دووپاتی کردەوە، ئەو پۆستە پشکی نەتەوەی کوردە نەک حزبێکی دیاریکراو، جەختیشی کردەوە، دەبێت کاندیدی ئەو پۆستە بە “میکانیزمێکی کوردانە” یەکلایی بکرێتەوە و ڕێگە نەدرێت لایەنە عێراقییەکان دەستوەردان لە دیاریکردنی نوێنەری کورددا بکەن.
ئەشواق جاف دڵنیایی دا، کە لێژنەی دانوستانکاری پارتی بەردەوام دەبێت و لە داهاتوودا وادەی کۆبوونەوەکانی تر دیاری دەکرێن، بەو مەرجەی گفتوگۆکان لەسەر بنەمای ئەنجامی هەڵبژاردن و بەرکەوتەی لایەنەکان بێت.