
بە داتا.. وردەکاری هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی بۆ زیان لێکەوتووانی لافاوی چەمچەماڵ
دوای شەپۆلێکی بارانبارین و دروستبوونی لافاو لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی تەکیە و شۆڕش، کە بووە هۆی زیانمەندبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان و لەدەستدانی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان، تیمەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی بە هانای لێقەوماوانەوە چوون.
ئیسماعیل عەبدولعەزیز، ئەندامی دەستەی کارگێڕی دەزگای خێرخوازی بارزانی، ڕایگەیاند: “تیمەکانی ئێمە هەر لە شەوی روودانی کارەساتی لافاوەکە لە قەزای چەمچەماڵ ئامادە بوون و بە شێوەیەکی مەیدانی دەستیان بە گەیاندنی کۆمەک و هاوکارییەکان کرد.”
بەپێی راپۆرتی دەزگای خێرخوازی بارزانی، لە ماوەی سێ رۆژی کارکردنی بەردەوامدا (لە 10 تا 12/12/2025)، هاوکارییەکان بەم شێوەیەی خوارەوە بەسەر لێقەوماواندا دابەش کراون:
کەرتی خۆراک و پێداویستی ناوماڵ:
ژەمە خۆراکی ئامادەکراو: 2800 ژەم لە چەمچەماڵ، 900 لە تەکیە و 400 لە کەلار دابەشکراون.
سەبەتەی خۆراک: 1000 سەبەتە دابینکراوە، کە بۆ هەر خێزانێک 2 کارتۆن بووە.
سێتی چێشتخانە: بۆ 500 ماڵ دابینکراوە (بۆ هەر ماڵێک 1 دانە).
کەرتی پۆشاک و گەرمکەرەوە:
پاکێجی جلوبەرگی زستانە: 3000 کارتۆن، بە شێوەی 4 کارتۆن بۆ هەر خێزانێک.
بەتانی: 3000 دانە، بۆ هەر خێزانێک 5 دانە.
دۆشەک: 1600 دانە، بۆ هەر خێزانێک 3 دانە.
نەوتی سپی: 25000 لیتر دابینکراوە، بۆ هەر ماڵێک 40 لیتر.
سۆپای گەرمکەرەوە: بۆ 500 ماڵ (بۆ هەر ماڵێک 1 دانە).
کەرتی تەندروستی و پاککردنەوە:
پاکێجی پاککەرەوە: 2000 پاکێج، بۆ هەر خێزانێک 2 دانە.
سێتی ئاوی خواردنەوە: 3000 سێت، بۆ هەر خێزانێک 4 سێت.
تانکەری ئاوی پاکی خواردنەوە: 96000 لیتر ئاو دابینکراوە.
پاککردنەوەی ماڵەکان: 320000 لیتر ئاو بۆ پاککردنەوەی ناو ماڵەکان بەکارهاتووە و نزیکەی 135 ماڵ لە پاشماوەی لافاو پاککراونەتەوە.
دەزگای خێرخوازی بارزانی دووپاتی دەکاتەوە کە بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی رەوشەکە و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ ئەو خێزانانەی کە بەهۆی لافاوەکەوە زەرەرمەند بوون، تاوەکو دۆخی ژیانیان ئاسایی دەبێتەوە.