
لە سێ ساڵی ڕابردوودا بەغدا تەنیا 41٪ی کۆی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی ناردووە
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتێکی وردی لەژێر ناوی “دۆسیەی دارایی و نەوت لە نێوان هەولێر و بەغدا” بڵاوکردەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کەلێنێکی گەورە لە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە هەیە و لە ماوەی سێ ساڵێ ڕابردوودا بەغدا تەنیا 41٪ی کۆی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی ناردووە
بەپێی ڕاپۆرتەکە، کۆی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا گەیشتووەتە 58.3 تریلیۆن دینار، بەڵام حکومەتی عێراق بەکردەیی تەنیا 24.3 تریلیۆن دیناری ناردووە، کە دەکاتە 41%ی کۆی شایستەکان. ئەم بڕە پارەیەی نێردراوە تەنیا 3.9%ی کۆی بودجەی گشتی عێراق پێکدەهێنێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە حکومەتی فیدراڵ بڕی 165 تریلیۆن دیناری بۆ خەرجیی تەرخانکردووە، بەڵام پشکی هەرێمی کوردستان بۆ پڕۆژەکان و وەبەرهێنان “0%” بووە. ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سنووری پارێزگاکانی هەرێم
سەبارەت بە شایستەی مووچەخۆران، ئاماژە بەوە دراوە کە لە ساڵانی 2023، 2024 و 2025دا، حکومەتی فیدراڵ مووچەی 12 مانگی تەواوی ڕەوانە نەکردووە، ئەمەش وای کردووە کەلێنێکی دارایی گەورە دروست ببێت و شایستەی چەندین مانگی مووچەخۆران لای بەغدا بمێنێتەوە.
ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم زیانی 25 ملیار دۆلاری بە ئابووری عێراق گەیاندووە. حکومەتی هەرێم نیازپاکی خۆی نیشانداوە و ئامادەیە بۆ هەناردەکردنی 19.5 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای “سۆمۆ”وە. هەروەها تەنیا لە ساڵی 2025دا، حکومەتی هەرێم بڕی 919 ملیار دیناری وەک داهاتی نانەوتی ڕادەستی گەنجینەی فیدراڵی کردووە.
ئەم داتایانە دەریدەخەن کە جیاوازییەکی گەورە لە نێوان شایستە دەستوورییەکانی هەرێم و ئەو بڕە پارەیەی کە نێردراوە هەیە، کە ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بژێوی هاوڵاتیان و کەرتی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان هەبووە.