حكومەتی هەرێم: سەرەڕای رادەستكردنی نەوت و داهاتی نانەوتی، بەغدا تەنیا 41%ی شایستە داراییەكانی ناردووە

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان نوێترین ئاماری لەبارەی شایستە داراییەكان و هەناردەی نەوت بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سەرەڕای جێبەجێکردنی پابەندییەکان، هێشتا ئاستەنگ بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروست دەکرێت.

بەپێی راگەیەندراوەکە، لە دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە کۆتاییەکانی ساڵی 2025دا، حکومەتی هەرێم بڕی 19.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای نیشتمانی “سۆمۆ”وە هەناردە کردووە. هاوکات لە ساڵی رابردوودا، بڕی 919 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی هەرێم رادەستی گەنجینەی فیدراڵی کراوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ماوەی سێ ساڵی دارایی (2023، 2024، 2025)، کۆی شایستە داراییەکانی هەرێم بە 58.3 ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە، بەڵام حکومەتی فیدراڵ تەنیا 24.3 ترلیۆن دیناری خەرج کردووە. ئەم بڕەیە تەنیا 41%ی کۆی مافە داراییەکانی هەرێمە و تەنیا 3.9%ی کۆی بودجەی گشتی عێراق پێکدەهێنێت.

لەڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی جۆرێک لە “گەمارۆی وەبەرهێنان” بووەتەوە؛ چونکە لە کۆی 165 ترلیۆن دینار کە بەغدا بۆ خەرجییەکانی وەبەرهێنان تەرخانی کردووە، پشکی هەرێمی کوردستان سفر بووە، ئەوەش بووەتە هۆی پەککەوتنی پڕۆژە ستراتیژییەکانی ژێرخان لە هەرێم.

سەبارەت بە راگرتنی هەناردەی نەوتیش، حكومەتی هەرێم رایگەیاندووە کە راگرتنی هەناردەکە لە ئاداری 2023وە، زیاتر لە 25 ملیار دۆلار زیانی بە ئابووری عێراق گەیاندووە.

لە کۆتاییدا جەخت کراوەتەوە کە سەرەڕای هەموو هەماهەنگییەکانی هەولێر و رادەستکردنی داهاتەکان، دروستکردنی گرفت بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ساڵی 2025دا بەردەوامی هەبووە و ئەمەش وەک فشارێکی دارایی لێکدەدرێتەوە.

Back to top button