
یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتی لەبواری لۆجستیک لە هەولێر دەکرێتەوە
بڕیارە ئەم هەفتەیە لە شاری هەولێر بە بەشداری دەیان كۆمپانیای بیانی و ناخۆیی، یەكەمین پێشانگای نێودەوڵەتی تایبەت بە كەلوپەلی لۆجستیک بكرێتەوە و ماوەی پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند :” لە ڕۆژانی 14 تاوەكو 18ـی ئەم مانگە، پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر لە پاكی سامی عەبدولڕەحمان، باوەش بۆ یەكەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی لۆجستیک دەكاتەوە تایبەت بە ئامێر و كەرەستەكانی گواستنەوەی نێودەوڵەتی، لە پاڵ كۆمپانیا خۆماڵییەكان، چەند كۆمپانیایێكی نێودەوڵەتیش ئامادەییان دەربڕیوە بۆ بەشداریكردن لە پێشانگاكە.
هاوکات داوا لە كۆمپانیا ناوخۆییەكانی ئەندام لە یەكێتییەكە دەكات بەتایبەت ئەوانەی لە بواری گواستنەوەی كەلوپەل كاردەكەن، بۆ بەشداریكردن لە پێشانگاكە لەپێناو گەشەپێدانی ئابووریی كوردستان.
دەشڵێت:” ئامانجی سەرەکی پێشانگای ناوبراو بریتیە لە ناساندن و پەرەپێدانی لۆجستیەکە لە هەرێمی کوردستان و دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان کۆمپانیا خۆماڵیەکان و کۆمپانیا نێودەوڵەتیە تایبەتیەکانی بەشی گواستنەوە.
لە کۆتایشدا باسی لەوە کردووە:” سودە ستراتیژییەکانی ئەم پێشانگایە بریتین لە ناساندنی تواناو پێداویستیەکانی بەشی لۆجستیک لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە وە هەروەها هۆکارێکە بۆ ئاشناکردنی بازرگانان و کەرتی تایبەت بە نوێترین تەکنەلۆژیای ئەم بوارە.