
وەزیری پەروەردە چیرۆكێكی 30 ساڵ پێش ئێستای نێوان مامۆستا و قوتابییەك لە هەولێر دەگێڕێتەوە
وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ یەكشەممە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووكی خۆی چیرۆكێكی 30 ساڵ پێش ئێستای نێوان مامۆستا و قوتابییەك لە شاری هەولێری گێڕایەوە.
ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە دەڵێت “چیرۆكەكە لەنێوان مامۆستایەكی میهرەبان و قوتابی كوڕە شەهیدێكە لە ساڵی 1996 كە بەهۆی هەژارییەوە هاوكاری كردوون، قوتابییەكە ئێستا گەورە بووە و لە قۆناغی ماستەرە لە یاسا.
وەزیری پەروەردە دوای گێڕانەوەی چیرۆكەكە دەڵێت “منیش لە وەزارەت بڕیارم دا مامۆستا فەهیمە بانگهێشت بکەم و خەڵاتی ڕێزلێنانی بۆ بکەم و پێی بڵێم، بەو ئاکارەت خۆت قوتابخانەیەک بووی لە باشی و فەزیلەت”.
دەقی چیرۆکی گەورەیی مامۆستاكە و وەفای قوتابییەکەیە بەمشێوەیە بووە :
ئەمڕۆ لە ڕێگەی وەتسئاپەوە خوشکێکی بەڕێز نامەی بۆناردم و گوتی “ئیشی تۆش نییە، بەڵام زۆر دەمێکە دەمەوێت مامۆستایەکم ببینمەوە پاداشتی بدەمەوە، پێش 30 ساڵ و لە ساڵی 1996 من لە قوتابخانەی هەڵەبجە قوتابی پۆلی یەکەمی سەرەتایی بووم لە دارەتوو لە هەولێر، خۆم کەرکووکیم و ئیستا ماستەری یاسا دەخوێنم، باوکم شەهید ببوو لە ڕاپەڕینەکە، دۆخی داراییمان زۆر خراپ بوو، باران بوو جلوبەرگی پێویستم نەبوو، مامۆستای کوردیمان کە ناوی ست (فەهیمە) بوو لێی پرسیم باوکت ئیشی چییە؟ پێم گوت باوکم شەهیدە و دۆخی ژیانمان خراپە بۆیە قەمسەڵە یان چاکەتم نییە لەبەری بکەم، گوتی بۆ سبەی ست فەهیمە جلوبەرگ و پێلاوی زۆری بۆ هێنام کە هەرگیز لە یادی ناکەم، زۆر ئاگای لێمان بوو، من ئێستا گەورەبووم و دۆخی دارایم باشە هەموو ئومێدم ئەوەیە بیبینمەوە و پاداشتی گەورەیی و باشییەکەی بدەمەوە”.
کە ئەو پەرۆشی و وەفایەم دی بڕیارم دا هەموو هەوڵی بۆ بدەم و ئیشی من نییە، بەڵام دەیکەم بەئیشی خۆم، پەیوەندیم کرد بە مامۆستا سابیر بەڕێوەبەری پەروەردەی بنەسڵاوە کە ئەو قوتابخانەیە دەکەوێتە سنووری ئەوان، یەکەمجار گوتی قوتابخانەکە ئەو ئەوەلیاتەی لەبەردەست نییە و مامۆستا نوێیەکان ئەو مامۆستا فەهیمەیە ناناسنەوە، گوتم هەوڵی زیاترم بۆ بدە قوتابی ناوی مامۆستاکەی لەیاد ناکات، پاش چەند خولەکێکی دیکە وێنەی مامۆستا فەهیمە و ژمارە تەلەفۆنەکەشی بۆناردم، کە ناردمەوە بۆ قوتابیەکەی 30 ساڵ پێش ئێستا، لە خۆشیدا گوتی چاوم پڕ فرمێسک بووە، ئەمە گەورەیی و میهرەبانی مامۆستایە، ئەوەش وەفای قوتابییەکە کە هەرچەند کات و ساڵ بەسەریدا تێپەڕ بێت چاکەی بیرناچێتەوە .
منیش لە وەزارەت بڕیارم دا مامۆستا فەهیمە بانگهێشت بکەم و خەڵاتی ڕێزلێنانی بۆ بکەم و پێی بڵێم “بەو ئاکارەت، خۆت قوتابخانەیەک بووی لە باشی و فەزیلەت”.